چی لەبارەی تەقەکردن لە چارلی کیرک دەزانین؟
رووداو دیجیتاڵ
دەسەڵاتدارانی ئەمریکا رۆژی هەینی رایانگەیاند، ئەو کەسەی گومانیان هەیە کە چارلی کیرک، چالاکڤانی راستڕۆ و کەسی نزیکی دۆناڵد ترەمپی کوشتووە، دەستگیرکراوە.
گومانلێکراو
دەسەڵاتداران دەڵێن، تایلەر رۆبنسنی تەمەن 22 ساڵ دەستگیرکراوە.
رۆبنسن لە شاری سەینت جۆرجی ویلایەتی یوتا کە نزیکەی 400 کیلۆمەتر لە شاری ئۆرێمەوە دوورە دەستگیرکراوە.
ئۆرێم ئەو شارەیە کیرک رۆژی چوارشەممە لە کاتی گوتاردانیدا بۆ خەڵک لە زانکۆی یوتا ڤاڵی، تێیدا کوژرا.
دەزگا ئەمنییەکان رایانگەیاند، ماڵباتەکەی یارمەتیان داون بۆ دەستگیرکردنی، دوای ئەوەی لای باوکی دانی بە کوشتنەکەدا نابوو.
تەقەکردنەکە
نیوەڕۆی چوارشەممە کیرک لەکاتی قسەکردن لەبەردەم نزیکەی 3000 کەس لە زانکۆکە، گوللـەیەک بەر ملی کەوت و خوێنێکی زۆری لێچۆڕا. دواتر ترەمپ گیانلەدەستدانی پشتڕاستکردەوە.
دەسەڵاتداران دەڵێن، رۆبنسن تفەنگێکی جۆری بۆڵت-ئاکشنی بەکارهێناوە و لەسەر سەربانی بینایەکەوە کە 185 مەتر لە ئامانجەکەیەوە دوور بووە، تەقەی کردووە.
لایەنە ئەمنییەکان گوتیان، بکوژ لەسەر سکی پاڵکەوتبوو، کە ئەوەش دەتوانێت وردبینی زیاد بکات.
پاڵنەری پشت رووداوەکە
کیرک راستڕۆ بوو، نزیکی ترەمپ بوو و لە هەڵبژاردنی 2024ـدا یارمەتیی ترەمپی دا بۆ بەدەستهێنانی دەنگی گەنجان. ئەو هاووڵاتییە بیروباوەڕی تووندی لەبارەی رەگەز و هەڵگرتنی چەک هەبوو.
دەسەڵاتداران دەڵێن، هێشتا هۆکاری تەقەکەرە گومانلێکراوەکەیان نەزانیوە و رۆبنسن خوێندکاری زانکۆ نەبووە.
سپێنسەر کۆکس، حاکمی یوتا گوتی: "لەسەر یەکێک لە قەوانی فیشکەکان نووسرابوو، بیگرە هەی فاشیست."
یەکێکی دیکە نیشانەی (بێلا چاو)ـی لەسەر بوو، کە ئاماژەیە بۆ گۆرانییەکی دژە فاشیستی ئیتاڵیی سەردەمی جەنگی دووەمی جیهان.
قەوانەکانی دیکە بە هێما و نووسین نیشانە کرابوون کە لە کولتووری یارییە ئۆنلاینەکانەوە هاتوون.
کاردانەوەی سیاسی
سیاسەتڤانانی ئەمریکا بە گشتی سەرکۆنەی رووداوەکەیان کرد.
ترەمپ لە یەکەم کاردانەوەدا "چەپی رادیکاڵ"ـی تۆمەتبارکرد.
پرسی کیرک لەلایەن ئیدارەی ترەمپەوە وەک چیرۆکی پاڵەوانێکی نیشتمانی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.
ترەمپ رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند، "مەدالیای ئازادی"، کە بەرزترین خەڵاتی مەدەنیی ئەمریکایە، دەبەخشێتە کیرک.
سەرۆکی ئەمریکا گوتیشی، بەشداری لە پرسەی کیرکدا دەکات.
تابووتی کیرک بۆ شاری فینیکس، شاری نیشتەجێبوونی خۆی، بە فڕۆکەی فەرمیی جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا گوێزرایەوە.