کوردی میونشن گلادباخ لیستی تایبەت بە خۆیان بۆ ئەنجوومەنی بیانییەکان هەیە

 
رووداو دیجیتاڵ

میونشن گلادباخ شارێکە لە هەرێمی نۆردراین ڤێستفاڵنی ئەڵمانیا، بەڵام لە جیهان بە یانە بەنێوبانگەکەی تۆپی پێی ناسراوە. لەو شارە کورد زۆرن، بەتایبەتیش ئەم ساڵانەی دوایی خەڵکی رۆژئاوای کوردستان و ژمارەیەکی زۆر خەڵکی شنگال و ئێزدییەکانی کوردستان تێیدا گیرساونەتەوە، بۆ ئەم قۆناخە ئەو کوردانەی ئەوێ لیستێکیان دروستکردووە.
 
زیاد خەڵکی چیای کورمێنج/عەفرینە و عەبدولـلەتیفی گەنج خەڵکی قامشلۆیە؛ بە هەڵواسین و بڵاوکردنەوەی پۆستەرەکانیان، بانگەشەی هەڵبژاردن لەو شارەی ئەڵمانیا بۆ لیستە کوردییەکە بەناوی "پێکەوە بنیاتنانی ئاییندە" دەکەن.
 
زیاد گۆرۆ، بەربژێر بۆ ئەنجوومەنی بیانییەکان لە شاری میونشن گلادباخ دەڵێت، "لێرە ژمارەیەکی زۆری کورد هەیە، بۆیە ویستمان لیستێکی کوردی دروست بکەین، نزیکەی 300 بۆ 400 خێزانی کورد لەم شارە هەن، بۆیە بڕیاری دروستکردنمان دا، ویستمان ناوی ئێمەش لەنێو لیستەکاندا هەبێت، ئێمە چوار بەربژێرمان هەن، بەداخەوە هەر چوارمان خەڵکی رۆژئاوای کوردستانین، هیواخوازبووین بەربژێر لە پارچەکانی دیکەی کوردستانیش لەگەڵمان بن، بەڵام کات کەم بوو، هەروەها یەکەم تاقیکردنەوەشمان بوو، بۆیە کۆبووینەوە و ئیدی بڕیارمان دا ئەمجارە تەنیا ئەم چوار ناوە بن لە لیستەکەمان."
 
عەبدولـلەتیف خوێندکاری زانکۆیە و لە سەرەتای تەمەنیدایە؛ لەگەڵ دایکی، گوڵستان، لە لیستەکەدا بەربژێرن؛ بەڵام ئەوان بە مەبەست گەنجەکانیان خستووەتە پێشەوە و خۆیان کردووەتە پشتیوانیان.
 
عەبدولـلەتیف عیسا، بەربژێری ئەنجوومەنی بیانییەکان لە شاری میونشن گلادباخ گوتی، "دیاسپۆرای کوردی هیواخوازە دەنگیان لە شاری میونشن گلادباخ هەبێت بۆ ئینتێگراسیۆن لە کۆمەڵگەی ئەڵمانیدا. ئێمە پێمان وایە و چاوەڕوان دەکەین پرۆژەکەمان سەرکەوتنێکی باش بەدەستبهێنێت، چونکە زۆر گرنگە مافمان هەبێت و بتوانین رای خۆمان لەسەر پرسی تێکهەڵکێشان دەرببڕین."
 
نەغەم هۆزانڤان و چیرۆکنووسە، کچی عەبدولڕەحمان درێعیی نیگارکێش و مۆزیکژەنی دیاری رۆژئاوای کوردستانە، رۆژانە کاری لەگەڵ بیانی و کۆچبەرانە؛ دڵی بۆ پرسەکانی گەنجان و منداڵان و ژنان لێدەدات، ئێستاش بەربژێری ئەنجوومەنی بیانییەکانە لەو شارەی ئەڵمانیا.
 
نەغەم درێعی، بەربژێری ئەنجوومەنی بیانییەکان لە شاری میونشن گلادباخ باسی لەوە کرد، "بۆ منداڵان زۆر گرنگە فێری زمانی خۆیان ببن، کە کوردییە، هەروەها فێری کولتوور و هونەری کوردییان بکەین و پێیان پەروەردە بکەین. زۆریش گرنگە رێگەیان پێشانبدەین کە لە داهاتوودا چی بکەن و چ کارێک بکەن، چۆن هەنگاو بەرەو داهاتوو بهاوێژن. بۆیە زۆر گرنگە ئێمەی کوردی ئێرە دەنگ و شوێنێکمان هەبێت، وەک بەشێک لەم کۆمەڵگەیە را و قسە و پێگەی خۆمان لە دەسەڵاتی ئەم هەرێمە هەبێت. گرنگیشە وەک پردێک بین بۆ پێکەوە لکاندنی کولتووری ئێمە و ئەڵمان و کولتوورە جیاوازەکانی دیکە لەم وڵاتە."
 
لەگەڵ هەبوونی لیستەکە، کوردانی کەمتر رێکخراو و جیاواز لە زۆرینەی کۆمەڵگەی کوردی لەو شارە نیشتەجێن، لەنێو لیستەکانی دیکەی بیانییەکانی نەتەوەکانی دیکە بەربژێریان هەیە.