دوای دەستگیرکردنی بکوژی چارلی کیرک، ترەمپ رەخنەی تووند لە دیموکراتەکان دەگرێت
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا دەستگیرکردنی بکوژی چارلی کیرکی راگەیاند و دەڵێت، "کەسێکی نزیکی خۆی رادەستی کردووە." دۆناڵد ترەمپ رەخنەی تووندیش لە دیموکراتەکان و سەرۆکی بانکی ناوەندی دەگرێت.
لە بەرنامەی (Fox and Friends)ی کەناڵی فۆکس نیوز، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، گومانلێکراوی کوشتنی چارلی کیرک، سیاسەتڤان و چالاکڤانی راستڕۆ دەستگیر کراوە. ترەمپ ستایشی پۆلیسی کرد و داوای سزای لەسێدارەدانی بۆ بکوژەکە کرد.
کیرکی تەمەن 31 ساڵ ناوێکی ناسراو و کەسێکی نزیکی ترەمپ بوو، رۆژی چوارشەممە لەکاتی قسەکردن لە زانکۆی یوتا ڤالی لە شاری ئۆرێمی ویلایەتی یوتا، بە گوللـە کوژرا.
بە گوتەی دەسەڵاتداران، کەسێک بەناوی رۆبنسن تایلەر کە تەمەنی 22 ساڵە، بە نیشانەشکێن لەبەردەم نزیکەی 3000 ئامادەبوو، گوللـەیەکی لە ملی کیرک داوە و هەڵاتووە.
بە گوتەی پۆلیس، رۆبنسن لەبەردەم باوکی دانی بە تاوانەکەدا ناوە و ترەمپ گوتی، "کەسێکی زۆر نزیکی بکوژەکە، ئەوی رادەست کردووە."
ترەمپ گوتی، دەزگا فیدراڵی و نێوخۆییەکان "کارێکی گەورەیان کرد" دوای ئەوەی لێکۆڵەران تەنیا "یەک ڤیدیۆ"یان لەبەردەست بوو، کە "کەسەکە وەک مێروویەک دەردەکەوێ تێیدا."
سەرۆکی ئەمریکا وەک "باشترین کەس" ستایشی کیرکی کرد و گوتی هیواخوازە بکوژەکە رووبەڕووی سزای لەسێدارەدان ببێتەوە. ترەمپ گوتی، قسەی لەگەڵ هاوژینی کیرک کردووە و لایەنگران دەیانەوێ کاری رێکخراوی (Turning Point USA) کە کیرک لە 2012 دایمەزراند، بەردەوام بێت.
سەبارەت بە نیگەرانییەکانی دوای کوشتنی چارلی کیرک و هەڕەشەکانی ئەم دواییە لە چەند بەرپرسێک، ترەمپ گوتی، رێوشوێنی پاراستنیان تووند دەکەن. سەرۆکی ئەمریکا رووی دەمی لە بەرپرسان کرد و گوتی: "دەبێ بەردەوام بن. کەسانێکی زۆر باشم هەن."
"ئارامیم لە پووتین نامێنێت"
ترەمپ گوتی، ئەو ئارامییەی لە بەرامبەر مامەڵەی ڤلادیمیر پووتین هەیبووە "بەخێرایی بەرەو نەمان دەڕوات" و باسی لە سەپاندنی "سزای تووند" بەسەر رووسیادا کرد؛ ئاماژەی بەوەش کرد، پێویستە ئۆکراینا سازش بکات بۆ ئەوەی جەنگەکە بووەستێت.
ترەمپ لەبارەی ئەو "ئارامی"یەی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ رووسیا هەیبووە بۆ راگرتنی جەنگی ئۆکراینا گوتی: "خەریکە نامێنێ، بە خێرایی نامێنێ، بەڵام چەپڵە بە دەستێک لێنادرێت."
لەبارەی راگرتنی جەنگەکە، ترەمپ گوتی، "بەڕاستی سەیرە، کاتێک پووتین ویستی بیکات [رایگرێ]، زیلینسکی نەیکرد. کاتێک زیلینسکی ویستی، پووتین نەیویست. ئێستا زیلینسکی دەیەوێ و پووتین بێدەنگە. پێویستە زۆر بەهێزەوە گوشار بکەین."
پێناسە گومرگییەکان
ترەمپ ستایشی سیاسەتی پێناسی گومرگیی خۆی کرد و گوتی، ئەم سیاسەتە لە دانوستاندنەکانی بازرگانیدا سوودی بە ویلایەتە یەکگرتووەکان گەیاندووە و "ترلیۆنەها دۆلاری" هێناوەتە نێو وڵات.
ترەمپ ئاماژەی بە "کەیسێک" کرد و گوتی، لەلایەن حکومەتە بیانییەکانەوە هێنراوەتە پێشەوە و ئێستا لە دادگەی باڵای ئەمریکایە، بە "یەکێک لە گرنگترین کەیسەکان لە مێژووی وڵاتەکەمان" ناوی برد.
ئەگەر حکومەت لەم کەیسەدا بدۆڕێ، ویلایەتە یەکگرتووەکان دەبێت "ترلیۆنەها و ترلیۆنەها دۆلار" بگەڕێنێتەوە کە لە رێگەی پێناسە گومرگییەکانەوە کۆکراوەتەوە. ترەمپ ناوی کەیسەکە یان کاتی بڕیاردانی دیاری نەکرد.
ناردنی پاسەوانی نیشتمانی بۆ تێنیسی
ترەمپ سەبارەت بە سەلامەتیی گشتی، گوتی، شاری مێمفیس لە ویلایەتی تێنیسی دەبێتە سەرنجی داهاتووی هەوڵێکی پاسەوانی نیشتمانی بۆ جێبەجێکردنی یاسا و لەو چوارچێوەیەشدا هێزەکانی پاسەوانی نیشتمانی بۆ شارەکە رەوانە دەکرێن. سەرۆکی ئەمریکا گوتی، شارەکە لە کێشەیەکی گەورەدایە.
ترەمپ گوتی، سەرۆک شارەوانی کە دیموکراتە و حاکمی کۆماریی ویلایەتەکە پشتگیری پلانەکە دەکەن.
بەرپرسانی ویلایەتەکە هیچ لێدوانێکیان نەداوە و کۆشکی سپی وردەکاری لەسەر کات یان دەسەڵاتی یاسایی لەو بارەوە نەخستوەتەڕوو.
تاوانەکانی دی سی
ترەمپ بانگەشەی ئەوەی کرد، واشنتن دوای بڵاوەپێکردنی هێزی فیدراڵی بووەتە "ناوچەیەکی خاڵیی لە تاوان" و گوتی، بۆ چەند هەفتەیەک کوشتن وەستاوە و رێژەی تاوان "87% کەمبووەتەوە."
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەدا، ئەم گۆڕانکارییە لە "12 رۆژدا" روویداوە، باشترکردنی دیمەنی شەقامەکان وەک دروستکردنی دوورگەی نوێ و نوێکردنەوەی رێگەوبانەکان بۆ ئەوەی پایتەخت ببێتە "جوانترین شار" لە جیهاندا، بەردەستە.
تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێکی فەرمی ئامارەکانی ترەمپی پشتڕاستنەکردووەتەوە، بەڵام دەسەڵاتداران دەڵێن، بەراورد بە ساڵی رابردوو، تاوانی تووندوتیژی بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە.
دیموکراتەکان
ترەمپ دیموکراتەکانی بە رێگریکردن لە کارەکانی ئیدارەکەی، بلۆککردنی پەسندکردنی بەربژێرەکان تۆمەتبار کرد و گوتی، تەنانەت "جۆرج واشنتن و ئەبراهام لینکۆنیش زیندوو ببنەوە و بیانەوێت بێنە نێو ئیدارەکەم، دیموکراتەکان رەتیان دەکەنەوە."
سەرۆکی ئەمریکا دیموکراتەکانی بە "رێگر" لەبەردەم جێبەجێکردنی پلانەکانی ناوبرد.
جیرۆم پاوڵ
ترەمپ رەخنەی لە جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا گرت و گوتی: "ناوی جیرۆم پاوڵ نییە، بەڵکو ناوی (جیرۆم زۆر درەنگ پاوڵ)"ـە، ئەمەش بە تۆمەتی ئەوەی، بانکی ناوەندی پێش هەڵبژاردن رێژەی سووی کەمکردووەتەوە "بۆ هەوڵدان بۆ یارمەتیدانی کامالا هاریس" و پاوڵ ساڵێک لە سیاسەت درەنگ کەوتووە.
ترەمپ رایگەیاند، ئەمریکا "باشترین ئابووری هەیە کە تاوەکو ئێستا هەمانبووبێ،" ئاماژەی بە بەرزبوونەوەی بازاڕی پشکەکان و بەڵێنەکانی وەبەرهێنان دا و بە 17 ترلیۆن دۆلار خەمڵاندی.