چین داوای گفتوگۆ لە ئەمریکا دەکات بۆ یەکلاییکردنەوەی تیکتۆک
رووداو دیجیتاڵ
چین داوا لە ئەمریکا دەکات کێشەی تیکتۆک لە رێگەی گفتوگۆوە چارەسەر بکەن، ئەوەش لە کاتێکدایە بڕیارە هەفتەی داهاتوو بەرپرسانی باڵای هەردوو وڵات لە ئیسپانیا گفتوگۆ لەبارەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکە بکەن.
وادەی کۆتایی بۆ ئەپەکە لە ئەمریکا 17ی ئەیلوولە، ئەوە دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ بۆ جاری سێیەم وادەکەی درێژکردەوە.
بڕیاربوو رۆژێک پێش سوێندخواردنی ترەمپ لە 20ی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ، یاسایەکی فیدراڵی کە لەسەر بنەمای ئاسایشی نیشتمانی، داوای فرۆشتن یان قەدەخەکردنی تیکتۆک دەکات،
بچێتە واری جێبەجێکردنەوە، بەڵام سەرۆکی ئەمریکا قەدەخەکردنەکەی راگرت.
12-09-2025 وەزارەتی بازرگانیی چین داوای لە واشنتن کرد "لەسەر بنەمای رێزی هاوبەش و راوێژکاریی یەکسان، بۆ چارەسەرکردنی نیگەرانییەکانی یەکدی لە رێگەی گفتوگۆوە و دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ کێشەکە، کار لەگەڵ چین بکات."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئەمە یارمەتیدەر دەبێ بۆ رەخساندنی "ژینگەیەکی بازرگانیی دادپەروەرانە و بێ جیاوازی بۆ کۆمپانیا چینییەکان، لەوانەش تیکتۆک، بۆ بەردەوامیدان بە کارکردن لە ئەمریکا."
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەشدا، ئەمە هانی پەیوەندییە ئابوورییەکانی چین و ئەمریکا دەدات کە "تەندروست و بەردەوام" بن.
بڕیارە هەفتەی داهاتووش سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، لەگەڵ بەرپرسانی باڵای چین، لەوانەش هی لیفێنگ، جێگری سەرۆکوەزیران لە ئیسپانیا کۆببێتەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرسی ئابووری و بازرگانی. تیکتۆکیش تەوەرێکی گفتوگۆکانیان دەبێت.
کۆمپانیای بایتدانس، خاوەنی تیکتۆکە کە بنکەکەی لە چینە. تیکتۆک نزیکەی دوو ملیار بەکارهێنەری لە سەرانسەری جیهان هەیە.