بێ مووچەیی روو لە سەربازانی ئەمریکا دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، فەرمانی دەرکردووە بەوەی هەفتەی داهاتوو مووچەی سەربازانی سوپای ئەمریکا بدرێت، ئەوەش سەرەڕای بەردەوامیی داخستنی حکومەت، کە بەهۆیەوە زۆربەی فەرمانبەرانی سڤیل و فیدراڵی ناچار بوون بەبێ مووچە کار بکەن.
 
رۆژی شەممە ترەمپ لە کۆشکی سپییەوە رایگەیاند، فەرمانی بە پیت هێگسێس، وەزیری جەنگی ئەمریکا کردووە سەرجەم ئەو پارەیەی پێنتاگۆن لەبەردەستیدایە، بەکاربهێنێت بۆ پێدانی مووچەی سەربازانی ئەمریکا لە بەرواری 15ی تشرینی یەکەمدا.
 
لەوبارەیەوە ترەمپ گوتی، "رێگە نادەم دیموکراتەکان سوپاکەمان و تەواوی ئاسایشی نەتەوەکەمان بە بارمتە بگرن، ئەمەش لە رێگەی داخستنی حکومەتەوە، کە مەترسیدارە."
 
ئەم لێدوانەی سەرۆکی ئەمریکا لە کاتێکدا، هیچ وادەیەک بۆ کاراکردنەوەی حکومەتی ئەو وڵاتە دیار نییە و هەردوو پارتی رکابەری ئەمریکا، کۆماری و دیموکراتەکان، یەکدی تۆمەتبار دەکەن بە داخستنی حکومەت، لێدوانەکانی رۆژی شەممەی ترەمپیش ئاگری زیاتری بەردایە ناکۆکییە قووڵەکەی ئەو دوو لایەنە.
 
حکومەتی ئەمریکا بۆ ماوەی 12 رۆژە داخراوە و لە 1ی ئەم مانگەوە ئەمریکا بێ حکومەتە، ئەمەش لەدوای ئەوەی هەردوو پارتی رکابەر نەیانتوانی پرۆژەیاسایی بودجەی ساڵی داهاتووی حکومەتی ئەمریکا پەسند بکەن، ئەم راگرتنەش بووە هۆی ئەوەی سەتان هەزار کارمەندی حکومەت مۆڵەتی کاتیی بێ مووچەیان پێبدرێت، یانیش ئەو فەرمانبەرانەی بە پێویست دادەنرێن، فەرمانیان پێکراوە بەبێ مووچە کار بکەن.
 
هەر لەگەڵ بەردەوامیی داخستنی حکومەت، بڕیارە رۆژی چوارشەممەی داهاتوو، 15ی ئۆکتۆبەر، نزیکەی 1.3 ملیۆن سەرباز مووچەکانیان لەدەستبدەن، ئەمەش لە هیچ کام لە مێژووی داخستنەکانی حکومەتی ئەمریکادا رووی نەداوە.
 
لێدوانەکەی ترەمپ سەبارەت بە دابینکردنی مووچەی سەربازان دوای ئەوە هات، رۆژی هەینی کۆشکی سپی رایگەیاند، دەستیکردووە بە ناردنە ماڵەوەی ژمارەیەک لە کارمەندانی فیدراڵیی نێو کۆشکەکە، ئەمەش لە کاتێکدایە سەرۆکی ئەمریکا هەوڵەکانی چڕ کردوونەتەوە و گوشارەکانی بۆ سەر دیموکراتەکان زیاتر کردووە تاوەکو حکومەت کارا بکرێتەوە.
 
روس ڤۆت، بەرپرسی بودجەی ئیدارەی ترەمپ رایگەیاند، ئیدارەکەیان بەنیازە ژمارەیەک لەو 750 هەزار فەرمانبەرە فیدراڵییەی ئێستا مۆڵەتی بێ مووچەیان پێدراوە، لە کارەکانیان دووربخەنەوە، ئەمەش وەکو رێکارێک بۆ سووککردنی گوشارەکانی سەر حکومەتی ئەمریکا و ئاشکرای کرد، پلانیان هەیە نزیکەی 4000 کارمەند لە چەند دەزگایەکی حکومی دەربکەن.
 
لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا، ترەمپ هەڕەشەی دەرکردنی بەکۆمەڵی کارمەندانی فیدراڵیی کردبوو ئەگەر دیموکراتەکان رازی نەبن بە مەرجەکانی ئیدارەکەی بۆ دابینکردنی پارەی حکومەت.
 
چەک شومەر، سەرۆکی فراکسیۆنی دیموکراتەکان لە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا لەوبارەیەوە رایگەیاند، "کۆمارییەکان پێیان باشترە بە هەزاران ئەمریکی کارەکانیان لەدەست بدەن، لەوەی دابنیشن و دانوستان لەگەڵ دیموکراتەکان بکەن بۆ دووبارە کردنەوەی حکومەت."
 
رۆژی هەینی سەندیکاکان، کە نوێنەرایەتیی 800 هەزار کارمەندی حکومەت دەکەن، داوایان لە دادوەری فیدراڵی لە شاری سان فرانسیسکۆ کرد، فەرمانی بەپەلە دەربکات بۆ راگرتنی پرۆسەی دەرکردنی کارمەندان و فەرمانبەران.
 
بۆ تێپەڕاندنی ئەو قەیرانە، کۆمارییەکان پێشنیازی درێژکردنەوەی بودجەی ئەم ساڵ دەکەن بە هەمان ئاستی خەرجکردن، لە کاتێکدا دیموکراتەکان داوای درێژکردنەوەی هاوکاریی دارایی لە بواری بیمەی تەندروستی بۆ خێزانە کەمدەرامەتەکان دەکەن.
 
بەڵام ترەمپ هەموو دانوستاندنێکی لەگەڵ دیموکراتەکان لەسەر کێشەی بیمەی تەندروستی رەتکردووەتەوە، ئەگەر حکومەتی فیدراڵی نەکرێتەوە، ئەمەش وەک مەرجێکی پێشوەختە.