مێدڤیدێڤ بەشداری لە نمایشێکی سەربازی لە کۆریای باکوور دەکات و لەگەڵ کیم جۆنگ ئون کۆدەبێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

دمیتری مێدڤێدێڤ، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی رووسیا لەگەڵ ژمارەیەک سەرکردەی دیکەی بیانی، بەشدارییان لە نمایشێکی سەربازیی گەورە لە پیۆنگیانگ کرد، کە بەبۆنەی 80یەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی کرێکارانی دەسەڵاتدارەوە رێکخرابوو.
 
کیم جۆنگ ئون، رێبەری کۆریای باکوور لە نمایشەکەدا بەهێزترین چەکەکانی سوپاکەی نمایش کرد، بۆ دەرخستنی پێگەی دیپلۆماسیی گەشەسەندووی پیۆنگیانگ و هەوڵەکانی بۆ دروستکردنی جبەخانەیەک، کە ئەمریکا و ئاسیا بکاتە ئامانج.
 
بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی فەرمیی کۆریای باکوور، لە نمایشەکەدا مووشەکێکی بالیستیی نوێی کیشوەربڕ بەناوی "هواسۆنگ-20" نمایشکرا، کە بە "بەهێزترین سیستمی چەکی ستراتیژیی ئەتۆمی" وەسفکراوە.
 
چەکەکانی دیکە، مووشەکی کورتمەودایان لەخۆگرتبوو کە توانای هێرشی ئەتۆمییان هەیە دژی کۆریای باشوور.
 
کیم هەفتەی رابردوو میوانداریی شاندێکی دەگمەنی بەرپرسانی باڵای بیانی کرد کە بۆ بەشداریکردن لە ئاهەنگەکانی یادەکەدا سەردانی پیۆنگیانگیان کردبوو، لەنێویاندا لی چیانگ، سەرۆکوەزیرانی چین و تۆ لام، سکرتێری گشتیی پارتی کۆمۆنیستی ڤێتنام.
 
لەکاتی نمایشەکەدا، کیم لە نێوەڕاستی سەکۆی نمایشەکەدا وەستابوو، لی لەلای راستی و لام لەلای چەپییەوە بوون، لە کاتێکدا مێدڤیدێڤ لە تەنیشت لامەوە وەستابوو.
 
ئاژانسی هەواڵی ناوەندیی فەرمی کۆریای باکوور رایگەیاند، رۆژی هەینی کیم بە جیا لەگەڵ مێدڤیدێڤ کۆبووەوە بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی پەرەپێدانی "هاوبەشی و هاوپەیمانیی ستراتیجیی گشتگیر" لەگەڵ رووسیا.
 
مێدڤیدێڤ ستایشی ئازایەتیی ئەو سەربازانەی کۆریای باکووری کرد کە شانبەشانی هێزەکانی رووسیا لە هەرێمی کورسکی رووسی شەڕیان لە دژی ئۆکراینا کرد.
 
لە سەرەتای شەڕی ئۆکرایناوە، کیم رووسیای کردووەتە جێی بایەخی سەرەکیی سیاسەتی دەرەوەی خۆی و هەزاران سەرباز و بڕێکی زۆری چەکی بۆ ناردووە، کە تۆپهاوێژ و مووشەکی بالیستیشی تێدایە.