ئەمڕۆ ترەمپ لووتکەی ئاشتی لە میسر بەڕێوەدەبات

رووداو دیجیتاڵ
 
لە کاتێکدا جیهان چاوی لەسەر ئازادکردنی ئەو 20 بارمتە ئیسرائیلییەیە کە هێشتا لە ژیاندا ماون، بزووتنەوەی حەماس رایگەیاند، هەموو ئامادەکارییەکانی تەواوکردووە بۆ رادەستکردنەوەیان، کە پێشبینی دەکرێت بەیانیی رۆژی دووشەممە بکرێت. ئەمەش چەند کاژێرێک پێش ئەوە دێت کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لووتکەیەکی ئاشتی لە میسر بەڕێوەببات بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی دوو ساڵەی غەززە.
 
بڕیارە رۆژی دووشەممە، دۆناڵد ترەمپ و عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر هاوسەرۆکایەتیی لووتکەیەکی ئاشتیی غەززە بکەن لە هاوینەهەواری شەرم شێخ، کە سەرکردەی زیاتر لە 20 وڵات تێیدا بەشدار دەبن.
 
ئامادەبووان: سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، ئیتاڵیا و ئیسپانیا، هەروەها سەرۆکەکانی فەرەنسا و تورکیا بەشداری دەکەن.
 
ئامادەنەبووان: نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل پشتڕاستیکردەوە کە "هیچ بەرپرسێکی ئیسرائیلی ئامادە نابێت." حەماسیش رایگەیاندووە بەشداری ناکات.
 
سەرۆکایەتیی میسر رایگەیاند، ئامانج لە کۆبوونەوەکە "کۆتاییهێنان بە جەنگی کەرتی غەززە، بەهێزکردنی هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە ئاشتی و سەقامگیری لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و دەستپێکردنی سەردەمێکی نوێی ئاسایشی هەرێمی"یە.
 
ئەجێندای سەردانەکەی ترەمپ
 
بڕیارە ترەمپ دوای ئازادکردنی بارمتەکان، سەردانێکی خێرا بۆ ئیسرائیل و میسر بکات: دووشەممە کاژێر 9:30ـی بەیانی [بەکاتی هەولێر] دەگاتە ئیسرائیل و کاژێر 11:00ـی بەیانی گوتارێک لە کنێست [پەرلەمانی ئیسرائیل] پێشکێش دەکات.
 
هەمان رۆژ، کاژێر 1:45ـی پاشنیوەڕۆ دەگاتە میسر بۆ بەشداریکردن لە لووتکەکە و واژۆکردنی رێککەوتنەکە و کاژێر 5:00ـی ئێوارە دەگەڕێتەوە.
 
پرۆسەی گۆڕینەوەی بارمتە و زیندانییان
 
رۆژی دووشەممە رۆژێکی چارەنووسساز دەبێت. بەپێی پلانی ترەمپ، کاتێک حەماس بارمتەکان رادەست دەکات، ئیسرائیل دەست بە ئازادکردنی نزیکەی 2,000 زیندانیکراوی فەڵەستینی دەکات.
 
شۆش بێدرۆسیان، گوتەبێژی نووسینگەی نەتەنیاهوو رایگەیاند، ئازادکردنی بارمتەکان "بەیانیی زووی رۆژی دووشەممە دەستپێدەکات" و ئیسرائیل "چاوەڕێی ئەوەیە هەر 20 بارمتە زیندووەکەمان پێکەوە ئازاد بکرێن."
 
سەرچاوەکانی نزیک لە دانوستاندنکاران رایانگەیاندووە، "حەماس سوورە لەسەر ئەوەی لیستی کۆتایی حەوت سەرکردەی باڵای فەڵەستینی لەخۆبگرێت، دیارترینیان مەروان بەرغوسی، ئەحمەد سەعدات، ئیبراهیم حامد و عەباس سەیدە."
 
بێدرۆسیان رایگەیاند، "زیندانییە فەڵەستینییەکان ئەوکاتە ئازاد دەکرێن کاتێک ئیسرائیل پشتڕاستی دەکاتەوە، کە هەموو بارمتەکانمان گەیشتوونەتە نێو ئیسرائیل."
 
سەرەڕای ئاگربەستەکە، دانیشتووانی غەززە هێشتا لە ترسدا دەژین. مەحموود موزەیین، یەکێک لە دانیشتووانی خان یونس، رایگەیاند: "هەمووان دەترسن جەنگ بگەڕێتەوە. ئێمە لە ترساندا خۆراک کۆدەکەینەوە."
 
ئیال زەمیر، سوپاسالاری ئیسرائیل، رۆژی یەکشەممە رایگەیاند، وڵاتەکەی "لەرێگەی گوشاری سەربازیی دوو ساڵی رابردوو، لەگەڵ رێکاری دیپلۆماسیی تەواوکەردا، سەرکەوتنی بەسەر حەماسدا بەدەستهێناوە."
 
بەڵام سەرچاوەیەکی نزیک لە حەماس رایگەیاندووە، بزووتنەوەکە "رەزامەندە لەسەر ئاگربەستێکی درێژخایەن و بەکارنەهێنانی چەکەکانی لەم ماوەیەدا، مەگەر لە حاڵەتی هێرشی ئیسرائیلدا."