قوتابخانەیەکی جووەکان لە کەنەدا درایە بەر دەستڕێژی گولـلە
رووداو دیجیتاڵ
لە کەنەدا بە دەسڕێژی گوللە هێرشکرایە سەر قوتابخانەیەکی تایبەت بە جووەکان. بەگوێرەی پۆلیس ئەمە دووەمجارە هێرش دەکرێتە سەر قوتابخانەیەکی جووەکان لە کەنەدا و دەستڕێژی گولـلەی لێدەکرێت، پۆلیس دەڵێت "هیچ زیانێکی گیانیی نەبووە".
رۆژی یەکشەممە، 12-11-2023، پۆلیسی شاری مۆنتریاڵ لە کەنەدا رایگەیاند کە قوتابخانەیەکی تایبەت بە قوتابییانی جوو دراوەتە بەر دەستڕێژی گولـلە و زیانی گیانی نەبووە.
ڤیرۆنیک دوبوک، گوتەبێژی پۆلیسی مۆنتریاڵ گوتی، "لەکاتی رووداوەکە هیچ قوتابییەک لەنێو قوتابخانەی یاشیڤا گیدۆلا نەبووە بۆیە تائێستا هیچ زیانێکی گیانی نییە، ئەمە دووەمجارە ئەم قوتابخانەیە دەستدرێژیی دەکرێتە سەر."
بەگوێرەی پۆلیس، بەشی پێشەوەی قوتابخانەکە شوێنی گولـلەی پێوەیە و چەندین قەوانیش لەسەر زەوی دۆزراونەتەوە.
جەستن ترۆدۆ، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا و فرانشوا گیلۆ، سەرۆکوەزیرانی کەرتی کیوبیکی فەرەنسی لە راگەیێندراوێکدا سەرکۆنەی هێرشەکەیان کرد.
رۆژی چوارشەممە، 8-11-2023، ناوەندی ئیسرائیل و کاروباری جووەکان لە کەنەدا رایگەیاند، "چەند خۆپیشاندەرێک بە بۆمبی ئاگرین هێرشیان کردە سەر پەرستگەیەکی جووەکان و کۆمەڵگەیەکی جوو نشین لە مۆنتریاڵ. هەڵمەتی دژەجوویی دەبێت بوەستێت و تاوانباران رووبەڕووی یاسا بکرێنەوە."
پۆلیسی مۆنتریاڵ دوای رووداوەکە رایگەیاند، زیانەکان تەنیا مادی بوون و هیچ زیانێکی گیانیی نەبووە.
لەبارەی ئەو رووداوە، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو) رایگەیاند، "رووداوێکی ناشرینە، کرداری دژەجوویی لە کەنەدا قبووڵنەکراوە و دەبێت هەمیشە سەرکۆنە بکرێت. حکومەتی کەنەدا بەردەوامدەبێت لە کارکردن لەگەڵ کۆمەڵگە جووەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو جۆرە کارانە."
هەمان رۆژ پۆلیسی شارەکە رایگەیاند، "ئاگادارکراینەوە کە لە زانکۆی کۆنکۆردیا قوتابییانی لایەنگری ئیسرائیل و لایەنگرانی فەلەستین بەشەڕ هاتوون، لە ئەنجامدا سێ کەس برینداربوون کە یەکێکیان قوتابییە و ئافرەتێکی 22 ساڵیش دەستگیرکرا."
دوای رووداوەکە ڤالێریا پلانتێ، پارێزگاری شاری مۆنتریاڵ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی، "سەرکۆنەی ئەو رووداوە دەکەم، مۆنتریاڵ شوێنی هیچ جۆرە تووندوتیژییەک نییە."
فرانشوا بۆناردێل، وەزیری ئاسایشی گشتیی کیوبیک و پاسکال دێری، وەزیری خوێندنی باڵا، نامەیەکی هاوبەشیان ئاراستەی ناوەندەکانی فێربوونی ئەو ناوچەیەیان کرد و تیایدا داوایان لە بەڕێوەبەر و سەرۆک زانکۆکان کردبوو هیچ تووندوتیژییەک قبووڵنەکەن.
مارک میلەر، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی کەنەدا لە ئێکس رایگەیاند، "ناخۆشە کە دەبینین ئەمڕۆ لە زانکۆی کۆنکۆردیا تووندوتیژی لە دژی قوتابییانی جولەکە ئەنجام دەدرێت. بە هیچ شێوەیەک ئەم رەفتارە لە هیچ چوارچێوەیەکدا قبوڵکراو نییە و دەبێت دەستبەجێ بوەستێت."