سەدام هەوڵیداوە دەست بەسەر هۆڵیوود دا بگرێت
رووداو دیجیتاڵ
سەدام حوسێن، سەرۆکی پێشووتری عێراق هەوڵیداوە دەست بەسەر هۆڵیوود دا بگرێت. بەرهەمهێنەری یەکێک لەو فیلمانەش کە لە سەردەمی دەسەڵاتی سەدام بەرهەمهێنراوە، دەڵێت "کەسێکی زۆر حەماسی بووە بۆ هاندانی عێراق، تاوەکو ببێتە ناوەندێکی نێودەوڵەتیی بەرهەمهێنانی فیلم".
لە ساڵی 1980 سەدام حوسێن هەوڵیداوە وڵاتەکەی بباتە نێو جیهانی بەرهەمهێنانی فیلمەوە. ملیۆنان دۆلاری خەرجکردووە بۆ بەرهەمهێنانی فیلمێک بەناوی "Clash of Loyalties" واتە "پێکدادانی دۆستان"، ئەوەش بەپێی راپۆرتێکی بی بی سی. فیلمەکەش بەنزیکەیی هەمووی لە عێراق کراوە و هەندێک لە ئەکتەرە دیارەکانی ئەوکاتی بەریتانیای تێدابووە، لەنێویاندا ئۆلیڤەر رید.
بەڵام ماوەیەکی کەم دوای دەستکردن بە تۆمارکردنی فیلمەکە، جەنگی عێراق و ئێران دەستیپێکردووە.
لەتیف جورفانی، کە بەرهەمهێنەرێکی فیلمە و لە بەریتانیا لەدایکبووە، بە رەچەڵەک عێراقییە، باس لەو هەوڵانەی سەدام حوسێن دەکات کە لەو بوارەدا داونی، دەڵێت "سەدام حوسێن کەسێکی زۆر حەماسی بووە بۆ هاندانی عێراق تاوەکو ببێتە ناوەندێکی نێودەوڵەتیی بەرهەمهێنانی فیلم. دۆستەکانمان لە بەغدا چوونە لای و پێیان گوت: بۆ چوونە نێو بازرگانیی فیلمی نێودەوڵەتی، دەبێت قسە لەسەر پارە بکەین. سەدامیش پێی گوتن: هەر شتێکی پێویست بێت [دەیکەین]".
ئەو بەرهەمهێنەرەی فیلم لەبارەی بیرکردنەوەی سەدام لە فیلم باس لەوە دەکات، "لەوانەیە وای بیری کردبێتەوە کە رۆژێک لە رۆژان بەغدا بتوانێت ببێتە بۆڵیوودێک لەسەر دیجلە".
لەبارەی فیلمی "Clash of Loyalties"ەوە، جورفانی دەڵێت، ئەو فیلمە "یەکەمینی نێو لیستێکی دوورودرێژی فیلمە گەورەی، سەرەکی و نێودەوڵەتییەکان بوو کە بڕیاربوو لە عێراق بەرهەمیان بهێنین.. فیلمەکە لە دەوری رووداوێک دەسوڕایەوە کە لە ساڵی 1920 لە عێراق روویدابوو، کە ئەفسەرێکی داگیرکاری بەریتانی کوژرا".
بە گوتەی جورفانی، کاتێک خەڵک لە ئینگلتەرا سەیری تەلەڤیزیۆنیان کردووە و شەڕ و نائارامییان بینیوە، داوایان کردووە هاوژینەکانیان لەو وڵاتە بگەڕێنەوە، بە پێکەنینەوە دەشڵێت "خەڵک دەیانگوت: هاوژینەکەم لەوێیە، دەمەوێت بگەڕێتەوە.. هەربۆیە وەستاین".
بەرهەمهێنانی ئەو فیلمە لە سەرەتای ساڵی 1980 دەستیپێکرد، لەتیف جورفانی دەڵێت، رەڤتاری ئۆلیڤەر رید تووشی سەرئێشەیەکی زۆری کردووە و چەند وەزیرێکی ئەوکاتی عێراق پێیان گوتووە کە ئەو ئەکتەرەیان ناوێت و نایانەوێت.
فیلمی "پێکدادانی دۆستان" دوای بەرهەمهێنانی لە چەندین فیستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتیدا نمایش کرا، بەڵام کاتێک لە ساڵی 1990 هێزەکانی عێراق بەرەو کوێت جوڵان، هەڵپەسێردرا، جورفانی دەڵێت "هەموو شتێک وەستا، تەنانەت قسەکردن و مامەڵەکردن لەگەڵ عێراق بوو بە شتێکی نایاسایی".
فیلمەکە هەرگیز لە وڵاتانی رۆژئاوا بڵاونەکرایەوە و لەتیف جورفانیش جارێکی دیکە فیلمی بۆ سەدام حوسێن بەرهەمنەهێنایەوە.