وەزیرانی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا لە برۆکسل تاوتوێی بارودۆخی ئێران دەکەن

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ یەکێتیی ئەوروپا لە برۆکسل، پایتەختی بەلجیکا کە هاوکات بارەگای سەرەکیی یەکێتییەکەی تێدایە، کۆدەبێتەوە. کۆبوونەوەی یەکێتیی ئەوروپا لەسەر ئاستی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتە ئەندامەکانیەتی و بارودۆخی ئێران و شەڕی ئۆکراینا تاوتوێ دەکەن.
 
یەکێتیی ئەوروپا لە هەڵوێستی ئێران بەرامبەر خۆپێشاندەران نیگەرانە و داوای دەستبەجێ وەستاندنی مامەڵەی تووندی هێزە ئەمنییەکان دەکات کە بە سەرکوتکار ناویان دەبات؛ جەختیش لە ئازادیی هاووڵاتییان دەکاتەوە لە ئەنجامدانی خۆپێشاندانی ئاشتییانە.
 
دووبارە کردنەوەی دۆسیەی ئێران، لەدوای لەسێدارەدانی یەکەمین خۆپێشاندەری دەستگیرکراوی ئێران دێت کە ئەویش موحسین شکاری، تەمەن 23 ساڵ بوو. دوای لەسێدارەدانی ئەو خۆپێشاندەرەش لە شەقامی سەتارخانی تاران، بەشێک لە خەڵک لە دژی جێبەجێکردنی بڕیارەکە خۆپێشاندانیان کرد.
 
بەڵام لە لیستی دادگەی ئێراندا 11 خۆپێشاندەری دیکە هەن کە سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە و یەکێتیی ئەوروپا و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافەکانی مرۆڤ لە ئەنجامدانی سزاکان نیگەرانن.
 
هەروەها یەکێتیی ئەوروپا ترسی لە چارەنووسی ئەو ئەوروپی و بیانییانە هەیە کە لە ئێران دەستگیر کراون و 40 کەسن، لەنێویاندا ئۆلیڤەری بەلجیکی کە ئێران بە دەستتێکەڵکردن لە خۆپێشاندانەکان تۆمەتباری کردووە.
 
ناتالی، خوشکی دەستگیرکراوێک دەڵێت، "تەندروستیی دایک و باوکمان تێکچووە. ئەوان هەموو رۆژێک هیوا دەخوازن ئۆلیڤەری کوڕیان لە ئێران ئازاد بکرێت و بگەڕێتەوە بەلجیکا. ئەوەی کە ئێران کردوویەتی ناڕەوا و بێڕێزییە بە مافی مرۆڤ."
 
لە دەستپێکی خۆپیشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانەوە تائێستا، یەکێتیی ئەوروپا و وڵاتانی دیکەی رۆژئاوا چەندین سزایان بەسەر بەرپرس و دامەزراوەی ئێراندا سەپاندوون.
 
جۆسێپ بۆرێل، نوێنەری باڵای یەکێتیی ئەوروپا دەڵێت، "ئێران و کاردانەوە سەرکوتکارە دانەبڕاوەکەی دەسەڵاتدارەکانی بۆ سەر خەڵکە تووڕەکەی کە لەسەر شەقامەکانن، یەکێتیی ئەوروپای نیگەران کردووە. بۆیە یەکێتیی ئەوروپا کۆمەڵێك سزا بەسەر بەرپرس و دامەزراوەکانی ئێراندا دەسەپێنێت کە دەستیان لە سەرکوتکردنی خۆپێشاندەراندا هەیە."
 
پێشبینی دەکرێت ئێران بەردەوام بێت لە لەسێدارەدانی خۆپێشاندەرە دەستگیرکراوەکانی و لە ئەگەری گرتنەبەری ئەو رێگەیەدا لەوانەیە ئاگری شەقامەکان فراوانتر و کاردانەوەی رۆژئاواش تووندتر بێت.