لە بەریتانیا پێنج کەس بە تاوانی پشێوینانەوە سزادران؛ چواریان کوردن
رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی ناوچەی سەکس لە شارۆچکەی برایتنی بەریتانی بڵاویکردەوە، دادگەیەکی شارەکەیان پێنج کەسیان بە تاوانی ئاژاوەنانەوە و پشێوی و هێرشکردنە سەر هاووڵاتییەک لە ئایاری 2022، سزادا.
پۆلیس رایگەیاندووە، هێرشکارەکان پێنج کەس بوون و کاژێر 2:20 خولەکی دوانیوەڕۆی رۆژی 24ی ئایاری 2022 هێرشەکەیان بە چەقۆ، دار و چەک کردووە.
شایەتحاڵەکان بە پۆلیسیان راگەیاندووە، یەکێک لە پیاوەکان بە دار لە قوربانییەکەی داوە. یەکێکی دیکەشیان بە چەک تەقەی کردووە کە دواتر چەکەکەیان دۆزییەوە.
لە راگەیێندراوەی پۆلیسدا هاتووە، تیمی پۆلیس بە خێرایی گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و سەیری کامێراکانی چاودێرییان کردەوە.
ئەو کات، پێنج تۆمەتبارەکە لە رۆژانی 24 بۆ 27ی ئایاردا دەستگیرکران و رۆژی 17ی تەممووزی 2023ش، تۆمەتەکانیان ئاڕاستەکران.
بە گوێرەی بڕیاری دادگە، ئۆلیڤەر پێرسی تەمەن 33 ساڵ کە دانیشتووی گەڕەکی برینتوودە تۆمەتبارکرا بە هەڵگرتنی چەقۆ لە شوێنی گشتی دا. رۆن قادری تەمەن 26 ساڵیش کە دانیشتووی برایتنە بە نانەوەی پشێوی و هەڵگرتنی چەک لە شوێنی گشتی دا تۆمەتبارکرا.
هەروەها، هۆگر بانەیی 25 ساڵ، کۆژین بانەیی 24 ساڵ و یاد فەتاحی تەمەن 25 ساڵ بە نانەوەی پشێوی تۆمەتبارکرا.
بە گوێرەی بڕیاری دادگەیەکی برایتن، ئۆلیڤەر بە دوو ساڵ و هەشت مانگ زیندانی، هۆگر و کۆژین بە دوو ساڵ و سێ مانگ زیندانی و رۆن قادری بە 9 مانگ زیندانی و هەزار پاوەند سزادران. هەروەها، یاد فەتاحیش بە دوو ساڵ زیندانی، 18 مانگ راگرتن و 200 کاژێر کارکردن سزادران.