کۆلیبالی ناوی لە لیستی تیرۆری ئەمریکادا بووە


رووداو - هەولێر

ئامێدی کۆلیبالی ئەو کەسەی کە رۆژی ٩ی مانگی کانوونی دووەم دوای هێرشەکانی سەر بارەگای گۆڤاری چارلی ئیبدۆ، هێرشی کردە سەر سوپەرمارکێتێکی جوولەکە لە فەرەنسا و دوای کوژرانی چوار کەس ،  لەلایەن پۆلیسەوە کوژرا، یەکێک بووە لەو کەسانەی لەلایەن دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکاوە خراوەتە لیستی تیرۆرەوە.

ئاژانسەکانی هەواڵ لە ئەمریکاوە ئاشکرایانکرد کە کۆلیبالی لە نێو لیستی ئەو ناوانەدا بووە کە وەک تیرۆریست ناوزەدکراون و خراونەتە ژێر چاودێری دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکاوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەستی بەو هێرشە کردووە لە فەرەنسا.

هەربۆیە ئەم هەواڵە پرسیاری ئەوەی لای میدیاکانی رۆژئاوا دروستکردووە، کە چۆن کەسێک لەژێر چاودێری دەزگا هەواڵگرییە ئەمریکییەکاندا بێت، دەتوانێت پلانێکی لەوشێوەیە لەناو پاریسدا دابنێت و خەڵک بە بارمتە بگرێت.

هەواڵی بوونی ناوی کۆلیبالی لەناو لیستی تیرۆری دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا، یەکەم جار لە میدیاکانی ئەمریکادا بڵاوکرایەوە و میدیاکانی ئەوروپاش پرسیاریان خستووەتە سەر توانای دەزگا هەواڵگرییەکان و ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن دەبوایە ئەمریکا ئاگادارکردنەوەی لەبارەی ئەو کەسەوە بە فەرەنسا بدات.

بەگوێرەی زانیارییەکان کۆلیبالی ناوی لەنێو لیستێکدا بووە بەناوی لیستی (تاید)، کە تایبەتە بەو کەسانەی سەر بە تۆڕی تیرۆریستی نێودەوڵەتین و دەخرێنە ژێر چاودێرییەوە، و ئەو لیستەش نزیکەی یەک ملیۆن ناوی تێدایە لە کۆی وڵاتانی جیهاندا.

ئەمە لەکاتێکدایە بەرپرسانی ئەمریکی لەدوای هێرشەکەی سەر چارلی ئیبدۆ ئاماژەیان بەوە کردبوو سەعید و شەریف کواشی هەردووکیان لەنێو لیستی چاودێریکراوانی تیرۆردا هەبوون لە ئەمریکا، بەڵام ئاماژەیان بەناوی کۆلیبالی نەکردبوو.

کۆلیبالی لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە دوای کوژرانی بڵاوکرایەوە ئاماژە بەوە دەکات ئەو پەیوەندی بە داعشەوە هەیە و پلانەکانیشی بە هاوکاتی برایانی کواشی ئەنجامداوە، کە ئەوان سەربە ئەلقاعیدەن.