ئەڵمانیا لە دادگەی دادی نێودەوڵەتی پشتگیریی ئیسرائیل دەکات
رووداو دیجیتاڵ
دوای سکاڵای ئەفریقای باشوور لەسەر ئیسرائیل کە گوایە "جینۆساید"ـی لە غەززە ئەنجام داوە، ئەڵمانیا بڕیاریدا وەک لایەنی سێیەم لە دادگەی دادی نێودەوڵەتی ئامادە بێت و بەرگری لە ئیسرائیل بکات. حکومەتی وڵاتە ئەوروپییەکە دەڵێت، "تۆمەتی ئەنجامدانی جینۆساید رەت دەکەینەوە و بێ بنەمایە".
رۆژی هەینی، 12-1-2024، حکومەتی ئەڵمانیا پشتگیریی خۆی بۆ حکومەتی ئیسرائیل لە دادگەی دادی نێودەوڵەتی راگەیاند و گوتی، "ئیسرائیل جینۆسایدی ئەنجام نەداوە و تەنیا بەرگری لە خۆی کردووە."
ستیڤن هێبسترێت، گوتەبێژی حکومەتی ئەڵمانیا دەڵێت، "ئەوەی دەبینرێت بەسیاسیکردن و قۆستنەوەی بابەتەکەیە. ئیسرائیل لەدوای هێرشە نامرۆڤانەکەی 7ـی ئۆکتۆبەرەوە بەرگری لە خۆی دەکات".
گوتەبێژەکەی حکومەتی ئەڵمانیا دەشڵێت، لە سۆنگەی مێژووی ئەڵمانیا و ئەو تاوانانەی دژی جووەکان ئەنجام دراون، حکومەتی ئەڵمانیا بە رێکەوتننامەی جینۆسایدی نەتەوە یەکگرتووەکانی 1948ـەوە پابەندە. ئەو رێککەوتننامەیە بۆ رێگەگرتن لە هۆڵۆکۆستێکی دیکە بڕیاری لەسەردرا.
پەیماننامەکە لەدوای جەنگی دووەمی جیهانی و هۆلۆکۆست نووسرا و هەریەک لە ئەفریقای باشوور و ئیسرائیل واژۆیان کردووە.
رۆژی 29-12-2023، ئەفریقای باشوور لە دادگەی دادی نێودەوڵەتی لە شاری لاهای هۆڵەندا، بە تۆمەتی جینۆسایدکردنی خەڵکی غەززە، سکاڵای لەسەر ئیسرائیل تۆمارکرد.
رۆژی 11-1-2024، بە ئامادەبوونی نوێنەری ئەفریقای باشوور، نوێنەری ئیسرائیل و چەند دادوەر و پارێزەرێکی نێودەوڵەتی یەکەم دانیشتنی دادگە بەڕێوەچوو و هەردوولا بەڵگە و دۆسییەکانی خۆیان خستەڕوو.
حکومەتی ئەڵمانیا رۆژێک دواتر هەڵوێستی خۆی دەربڕی و گوتی، "ئەڵمانیا تۆمەتەکە بە تووندی رەت دەکاتەوە و بێ بنەمایە".
هەمان رۆژ، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "دووڕوویی ئەفریقای باشوور گەیشتووەتە ئەوپەڕی" و ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێمە شەڕی تیرۆریستەکان دەکەین؛ شەڕی ناڕاستییەکان دەکەین".
وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیلیش لە راگەیێندراوێکدا ئەفریقای باشووری بەوە تۆمەتبار کرد کە "وەکو پارێزەری حەماس کار دەکات" لە دۆسییەکەدا کە بە بڕوای ئیسرائیل لەسەر "بانگەشەی درۆ و بێ بنەما" بنیات نراوە.
جگە لە رەتکردنەوەی ئەو تۆمەتە، حکومەتی ئەڵمانیا بڕیاری داوە وەک لایەنی سێیەم لە دادگەی دادی نێودەوڵەتی ئامادە بێت و بەرگری لێ بکات. سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیش سوپاسی ئەو هەڵوێستەی حکومەتی ئەڵمانیای کرد.
نەتەنیاهوو پەیوەندی بە ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیاوە کرد و پێی راگەیاند، "هەڵوێستی تۆ و ئەڵمانیا بۆ وەستان لەگەڵ راستییەکان لای هەموو ئیسرائیلییەکان بەرز دەنرخێندرێت".
بە گوێرەی بەندێکی رێککەوتننامەی جینۆسایدی 1948، هەر ئەندامێک کە واژۆی کردبێت، دەتوانێت بەشداری دۆسیەی ئەندامێکی دیکە بکات و بەڵگەکانی خۆی پێشکێش بکات.
تال باکێر، پارێزەری ئیسرائیل لە دادگەی دادی نێودەوڵەتی لە لاهای گوتی، "ئەوەی ئیسرائیل مەبەستییەتی لە ئۆپەراسیۆنەکانی نێو غەززە کوشتن و لەنێوبردنی خەڵکی فەلەستین نییە، بەڵکو پاراستنی خەڵکی خۆیەتی. ئێمە لە چەندین بەرەوە هێرشمان دەکرێتە سەر".