لە یانە شەوانەکانی یۆنان خەڵک بۆ رزگاربوون لە تووڕەیی قاپ دەشکێنن؛ مانگانە 100 هەزار قاپ دەشکێندرێن
رووداو دیجیتاڵ
لە گازینۆ و یانە شەوانەکانی ئەسینای یۆنان نەریتێکی باو هەیە، ئەویش گوڵ هاویشتن و قاپ شکاندنە لەبەر قاچی گۆرانیبێژێک ئەگەر دەنگیان بەدڵ بێت. یۆنانییەکان بەوە بەنێوبانگن کە حەز دەکەن بە ژاوەژاو و هەرا خۆشیی خۆیان دەرببڕن.
کریستۆس گۆناریس، هاووڵاتی دەڵێت، "خەڵکی یۆنان عەقڵیەتێکی جیاوازیان لە خەڵکی وڵاتانی دیکە هەیە. ئەوان فەلسەفەیەکی دیکەیان هەیە کاتێک بابەتەکە چێژبەخشە." بەگوێرەی یۆنانییەکان، ئەو قاپشکاندنە یارمەتیی رزگاربوون لە تووڕەیی، وزەی نەرێنی و دەمار گرژی دەدات و ئارام دەبنەوە.
ڤاسلس میگاس، خاوەن رێستۆرانت دەڵێت، "ئەمە رێگەیەکە بۆئەوەی کڕیارەکان لە وزەی نەرێنی بەتاڵ ببنەوە، رێگەیەکە بۆئەوەی دڵخۆشبن و سوپاسی گۆرانیبێژەکە بکەن، کە بەدڵیانە؛ ئەمەش بەشێکە لە چێژبینین. خەڵک دەخۆنەوە و گوڵ و قاپ دەهاوێژن."
پاڤلۆس سپیرۆپۆلۆس، گۆرانیبێژ دەڵێت، "کاتێک قاپ و گوڵمان تێدەگرن هەست دەکەین کە ئێمەیان بەدڵە و هەست دەکەین کە شتێکی راست دەکەین."
لە یۆنان کۆمپانیایەکی تایبەت بە دروستکردنی ئەو قاپانە هەیە و ناوی "پیتایا ییا سپاسیمۆ"یە، بە یۆنانی واتا "قاپ بۆ شکاندن".
بەگوێرەی ئەو کۆمپانیایە، مانگانە 100 هەزار قاپ لە یانە شەوانەکاندا دەشکێندرێن.