یەکێتی ئەورووپا تاوتوێی پێشنیازی سەپاندنی سزای نوێ بەسەر ئێران دا دەکات
رووداو دیجیتاڵ
ئۆرسولا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا رایگەیاند، بڕۆکسل "بەخێرایی" پێشنیازی سزای نوێ بۆ سەر ئێران دەکات، ئەمەش دوای ئەوەی ژمارەی ئەو کەسانەی لە خۆپێشاندانەکانی ئەو وڵاتە بوونەتە قوربانی رۆژ بە رۆژ زیاد دەکەن.
رۆژی سێشەممە، 13ـی کانوونی دووەمی 2026، ئۆرسولا ڤۆن دێر لاین، لە پۆستێکی دا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: "زیادبوونی ژمارەی قوربانییان لە ئێران سامناکە، بە تووندی سەرکۆنەی بەکارهێنانی زیاد لە پێویستی هێز و بەردەوامیی سنووردارکردنی ئازادییە بنەڕەتییەکان دەکەم."
سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتی ئەورووپا دەشڵێت، "بەخێرایی پێشنیازی سزای زیاتر دەکرێت بۆ سەر ئەو کەسانەی بەرپرسن لە سەرکوتکارییەکان."
یەکێتیی ئەورووپا چەندین جار پاڵپشتیی خۆی بۆ ئەو ئێرانییانە دەربڕیوە بەشداریی خۆپێشاندانە سەرتاسەرییەکان دەکەن. ئەم خۆپێشاندانانە بە یەکێک لە گەورەترین ئاڵنگارییەکان بۆ سەرکردایەتیی وڵاتەکە لە دوای شۆڕشی ئیسلامیی ساڵی 1979ـەوە دادەنرێن بووە هۆی رووخاندنی شا.
پێشتر یەکێتیی ئەورووپا چەندین گەڕی سزای بەسەر سەدان بەرپرس و دامەزراوەی ئێرانی دا سەپاندووە، ئەوەش نەک تەنیا بەهۆی سەرکوتکردنی خۆپێشاندانەکانەوە، بەڵکو بەهۆی پاڵپشتیی سەربازیی تاران بۆ رووسیا لە شەڕی ئۆکرایناشدا، بەتایبەتی لە رێگەی ناردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە.
داواکارییەکان لەنێو پەرلەمانی ئەورووپا و چالاکڤاناندا بۆ ئەوەی یەکێتیی ئەورووپا سوپای پاسدارانی ئێران وەکو رێکخراوێکی "تیرۆریستی" بناسێنێت زیادیان کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا بڕۆکسل دەڵێت، پێویستی بە بنەمای یاسایی و بڕیاری دادگەی وڵاتێکی ئەندام هەیە بۆ ئەنجامدانی ئەو هەنگاوە.
ڤۆن دێر لاین، لە پۆستەکەیدا دووپاتیکردەوە یەکێتیی ئەورووپا پێشتر سوپای پاسدارانی ئێرانی خستووەتە لیستی رەشی سڕکردنی سەروەت و سامان و قەدەخەی ڤیزاوە بەهۆی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا لە لیستی تیرۆردا پۆلێن نەکراوە.