ئیسپانیا باڵیۆزی ئێران بانگهێشت دەکات
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئیسپانیا رایگەیاند، رۆژی سێشەممە باڵیۆزی ئێرانیان لە مەدرید بانگهێشت کردووە بۆ گەیاندنی "رەتکردنەوە و سەرکۆنەی تووند"ی ئەو "سەرکوتکارییەی" وەک خۆی دەیڵێت، بەرامبەر خۆپێشاندەران دەکرێت، کە بە گوێرەی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بووەتە هۆی کوژرانی سەتان کەس.
خۆسێ مانوێل ئەلبارێس، وەزیری دەرەوەی ئیسپانیا بە رادیۆی کەتەلۆنیای راگەیاند: "دەبێت رێز لە ئازادیی رادەربڕین و مافی ژنان و پیاوانی ئێران بۆ خۆپێشاندانی ئاشتییانە بگیرێت" و "پێویستە دەستگیرکردنی هەڕەمەکی کۆتایی پێبێت."
ئەلبارێس گوتیشی: "دەبێت ئێران بگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ و دانوستاندن، بێگومان ئێمەش جەخت لەسەر مافەکانی ژنان دەکەینەوە."
رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەڵێن، بڕینی هێڵەکانی ئینتەرنێت لە سەرتاسەری ئێران وایکردووە، زانیاری لە بارەی خۆپێشاندانەکانەوە نەگەن بە دەرەوە کە زیاتر لە دوو هەفتەیە بەردەوامن، ئەوەش وایکردووە پشتڕاستکردنەوەی سەربەخۆیانەی دەنگۆکانی تووندوتیژی ئەستەم بێت.
ئەو رێکخراوانە هۆشداری دەدەن لەوەی هەزاران کەس بریندار بوون و ژمارەی راستەقینەی کوژراوان زۆر لەوە زیاترە کە دەخەمڵێنرێت.
دەسەڵاتدارانی ئێران هۆکاری خۆپێشاندانەکان بۆ "دەستوەردانی دەرەکی" دەگەڕێننەوە؛ خۆپێشاندانەکان سەرەتا بە هۆکاری ئابووری دەستیانپێکرد، بەڵام ئێستا بوونەتە یەکێک لە گەورەترین ئاڵنگارییەکان بۆ سیستەمی حوکمڕانیی ئێران لەدوای شۆڕشی ئیسلامیی ساڵی 1979ـەوە.