دوای هەڕەشەکانی ترەمپ بۆ 'داگیرکردنی گرینلاند'؛ دانیمارک لەگەڵ ئیدارەی ئەمریکا کۆدەبێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی دانیمارک رایدەگەیێنێت، بۆ هێورکردنەوەی ئەو گرژییانەی بەهۆی هەڕەشەکانی ترەمپەوە لەبارەی گرینلاند دروستبوون، لە کۆشکی سپی لەگەڵ جێگری سەرۆک و وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کۆدەبنەوە. وەزیری بەرگریی ئەو وڵاتەش پەنا بۆ ناتۆ دەبات.
لارس لۆکە راسموسن، وەزیری دەرەوەی دانیمارک رایگەیاند، رۆژی چوارشەممە بە یاوەریی ڤیڤیان مۆتزفێڵدت، هاوتا گرینلاندییەکەی، لە کۆشکی سپی لەگەڵ جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا و مارکۆ رووبیۆ، وەزیری دەرەوە کۆدەبنەوە.
راسموسن لە کۆپنهاگن بە رۆژنامەڤانانی گوت: "ئامانجی ئێمە ئەوەیە گفتوگۆکان بگوازینەوە بۆ ناو ژووری کۆبوونەوە، تاوەکو بتوانین لە نزیکەوە سەیری چاوی یەکدی بکەین و بە راشکاوی باسی کێشەکان بکەین."
ئەم دیدارە دوای ئەوە دێت، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی یەکشەممە هەڕەشەی کردبوو کە واشنتن "بە هەر رێگەیەک بێت" گرینلاند دەبات، چونکە پێگەیەکی ستراتیژیی هەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی چین و رووسیا.
هاوکات ترۆێڵس لوند پۆڵسن، وەزیری بەرگریی دانیمارک ئاشکرای کرد، رۆژی دووشەممەی داهاتوو لەگەڵ مارک رووتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ کۆدەبێتەوە بۆ تاوتوێکردنی ئاسایشی ناوچەی جەمسەری باکوور.
رووتە ئاماژەی بەوە کردووە کە هاوپەیمانییەکە سەرقاڵی داڕشتنی "هەنگاوەکانی داهاتووە" بۆ پاراستنی گرینلاند. زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە پێشنیازی دەستپێکردنی ئەرکێکی سەربازیی نوێی ناتۆ لە ناوچەکەدا کراوە بۆ رێگری لە هەر جوڵەیەکی تاکلایەنەی ئەمریکا یان رکابەرەکانی.
دوای سەرکەوتنی ئۆپەراسیۆنی دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادورۆ لە ڤەنزوێلا لە سەرەتای ساڵی 2026، ئیدارەی ترەمپ بە متمانەیەکی زیاترەوە زمانی هێز بەکاردەهێنێت. دانیمارک و گرینلاندیش بەردەوام جەخت دەکەنەوە کە ئەو دوورگەیە "بۆ فرۆشتن نییە" و کۆنتڕۆڵکردنی لەلایەن ئەمریکاوە بە واتای هەڵوەشاندنەوەی پەیوەندییە ئەمنییەکانی 80 ساڵی رابردووی رۆژئاوا دێت.