لە بەریتانیا پەناخوازێکی کورد بە تاوانی 'دەستدرێژیی سێکسی' سزا درا

رووداو دیجیتاڵ

دادگەی تاوانەکانی ستافۆرد لە بەریتانیا، سزای حەوت ساڵ زیندانیکردنی بەسەر گەنجێکی خەڵکی باکووری کوردستاندا سەپاند، کە بە تۆمەتی دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر کچێکی تەمەن 18 ساڵان دەستگیرکرابوو. قوربانییەکە دەڵێت، ئەو رووداوە "بەتەواوی تێکی شکاندووە."
 
محەممەد ئۆغور، تەمەن 27 ساڵ، کە هاونیشتمانییەکی باکووری کوردستانە و وەک پەنابەر رووی لە بەریتانیا کردووە، هاوینی رابردوو لەلایەن دادگەوە بە تاوانبار ناسێنرا و رۆژی دووشەممە سزاکەی بۆ دەرکرا.
 
لە کاتی دانیشتنی دادگەکەدا، قوربانییەکە کە کچێکی تەمەن 18 ساڵانە، لە گوتەیەکدا باسی لە کاریگەرییە دەروونییەکانی ئەو رووداوە کرد و گوتی: "من رزگاربوویەکی دەستدرێژی سێکسیی محەممەد ئۆغورم. هیچ وشەیەک ناتوانێت گوزارشت لەوە بکات کە ئەو بەسەری هێنام. ئەو بەتەواوی وەک مرۆڤ گۆڕیمی و تێکی شکاندم."
 
قوربانییەکە رووی دەمی کردە تۆمەتبارەکە و گوتی: "نزیکەی ساڵێکە ئەو کارەت کردووە، بەڵام هێشتا وەک دوێنێ وایە. بۆچی من؟ بۆچی منت هەڵبژارد بۆ ئەوەی بەتەواوی وێرانم بکەیت لەکاتێکدا هەموو ئەوەی من کردم نیشاندانی میهرەبانی و هاوسۆزی بوو بۆت؟"
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی نێو دادگە، محەممەد ئۆغور پێشتر وەک تەکنیکاری ڤێتێرنەری (ئاژەڵداری) کاری کردووە. لە کانوونی دووەمی 2025 کچەکەی ناسیووە و دوای چەند رۆژێک لە پەیوەندی کردن لە رێگەی "سناپچات"، لە پارکێکی نزیک ناوچەی تاموۆرس یەکیان بینیوە.
 
لە دانیشتنەکەدا ئاماژە بەوە کرا کە سەرەتا لە شوێنێکی چۆڵی پارکەکەدا چالاکییەکی ئارەزوومەندانە لەنێوانیاندا هەبووە، بەڵام دواتر ئۆغور هێرشی کردووەتە سەری. دەستەی سوێندخواردن زانیارییان پێدراوە کە قوربانییەکە هاواری کردووە بۆ ئەوەی بوەستێت و هەوڵی رزگاربوونی داوە.
 
سەرەڕای ئەوەی ئۆغور لە دادگە نکوڵی لە تاوانەکە دەکرد، بەڵام نامەکانی دەستیان بەسەردا گیراوە کە دوای رووداوەکە بۆ کچەکەی ناردووە و تێیدا هاتووە: "بەڕاستی داوای لێبووردن دەکەم، نەمویست ئەمە بکەم، بەڵام نەمتوانی خۆم رابگرم"، لە یەکێکی دیکەشدا نووسیویەتی: "داوای لێبووردن دەکەم کە هەوڵم داوە بە زۆر سێکس بکەم."
 
جۆن ئێدواردز، دادوەری دۆسیەکە لە کاتی دەرکردنی بڕیارەکەدا رایگەیاند، دەستدرێژییەکە "زیانێکی گەورە"ی بە قوربانییەکە گەیاندووە.
 
دادوەرەکە باسی لەوە کرد کە ئۆغور "پیاوێکی زیرەکە" و پێش ئەوەی بە بەلەم و "لە ناوەڕاستی دەریاوە رزگار بکرێت" و بگاتە بەریتانیا، شایەتی تووندوتیژییەکی زۆر بووە.
 
سەبارەت بە چارەنووسی مانەوەی لەو وڵاتە، دادوەر بە ئۆغوری گوت: "مانەوەی بەردەوامی تۆ لە بەریتانیا لەلایەن کەسانی دیکەوە بڕیاری لەسەر دەدرێت، نەک من،" ئەمەش وەکو ئاماژەیەک بۆ ئەگەری دیپۆرتکردنەوەی دوای تەواوکردنی سزاکەی.
 
بەپێی میدیای بەریتانی، ئۆغور چەند هەفتەیەک بەر لە تاوانەکە بە بەلەمی بچووک (قەچاخ) گەیشتووەتە بەریتانیا و لە هۆتێلی "هۆڵیدەی ئین ئێکسپرێس" لە تاموۆرس نیشتەجێ کراوە؛ هەمان ئەو هۆتێلەی کە لە ئابی 2024 لەلایەن خۆپێشاندەرانی راستڕەوی تووندڕەوەوە هێرشی کرایەسەر و ئاگری تێبەردرا.