راوێژکاری ئەڵمانیا پێیوایە حکومەتی ئێران لە "کۆتا رۆژەکانی تەمەنیدایە"

رووداو دیجیتاڵ

فرێدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا رۆژی سێشەممە رایگەیاند، حکومەتی ئێران لە دوایین رۆژەکانی تەمەنیدایە، ئەوەش لەکاتێکدایە گوشارەکان لەسەر کۆماری ئیسلامی بەهۆی خۆپێشاندانەکانەوە زیاد بوون، کە دەگوترێت سەدان کەسیان تێدا کوژراوە.
 
لە کاتی سەردانەکەیدا بۆ هیندستان، مێرتس لە شاری بەنگالور بە رۆژنامەڤانانی گوت: "کاتێک رژێمێک تەنیا بە زەبروزەنگ بتوانێت دەسەڵات بپارێزێت، ئەوا بە کردار کۆتایی هاتووە."
 
راوێژکاری ئەڵمانیا گوتیشی: "بڕوام وایە ئێمە ئێستا شایەتی دوایین رۆژ و هەفتەکانی ئەم رژێمەین."
 
زیاتر لە دوو هەفتەیە خۆپێشاندانەکان لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامن و بە گەورەترین ئاڵنگاری بۆ حکومەتی ئەو وڵاتە دادەنرێن.
 
خۆپێشاندانەکان سەرەتا بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرامبەر دۆخی ئابووری دەستیانپێکرد، بەڵام ئێستا داواکارییەکان گۆڕاون بۆ گۆڕینی دەسەڵات.
 
رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران (IHR) کە بارەگاکەی لە نەرویجە، رۆژی دووشەممە رایگەیاند، لانیکەم 648 کەس لە خۆپێشاندانەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستاندا کوژراون.
 
هاوکات رێکخراوەکانی چاودێریی ئینتەرنێت رۆژی سێشەممە رایانگەیاند، پچڕانی ئینتەرنێت لە سەرتاسەری ئێران زیاتر لە 108 کاژێری تێپەڕاندووە.