سەربازێکی ڤەنزوێلا: ئەمریکا بە چەکێکی نهێنی بە چۆکیدا هێناین
رووداو دیجیتاڵ
سکرتێری رۆژنامەڤانیی کۆشکی سپی گێڕانەوەی شایەتحاڵێکی بڵاوکردووەتەوە کە دەڵێت، لە کاتی ئۆپەراسیۆنی دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی ڤەنزێلا، هێزەکانی ئەمریکا "چەکێکی نهێنیی بەهێزیان" بەکارهێناوە کە سەربازانی بەچۆکداداوە و خوێن لە دەم و لووتیان هاتووە.
بەگوێرەی ئەو گێڕانەوەیە کە کارۆلین لێڤیت، سکرتێری رۆژنامەڤانیی کۆشکی سپی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردووەتەوە، پاسەوانێکی ڤەنزوێلی وردەکاریی هێرشەکەی خستووەتەڕوو.
پاسەوانەکە لە هەڤپەیڤینێکدا باسی لەوە کردووە، هێزەکانی ئەمریکا بێ ئەوەی یەک سەربازیشیان لێ بکوژرێت، سەتان سەربازی لایەنی بەرامبەریان کوشتووە و تەکنەلۆژیایەکیان بەکارهێناوە کە وێنەی نەبووە. ئەو دەڵێت: "ئێمە لە ئەرکدا بووین، لەناکاو سیستمی رادارەکان هەموویان بێ هیچ روونکردنەوەیەک لەکارکەوتن. دواتر ژمارەیەکی زۆر درۆنمان بینی بەسەر سەنگەرەکانماندا دەفڕین و نەماندەزانی چی بکەین."
بە گوتەی پاسەوانەکە، دواتر تەنیا نزیکەی 20 سەربازی ئەمریکی بە هەشت هەلیکۆپتەر دابەزینە خوارەوە، بەڵام چەکی زۆر بەهێزیان پێبووە. ئەو دەڵێت: "شەڕ نەبوو، بەڵکو کوشتارگە بوو. ئێمە سەتان کەس بووین بەڵام هیچ دەرفەتێکی رزگاربوونمان نەبوو، ئەوان بە وردی و خێراییەکی زۆر تەقەیان دەکرد."
چەکە نهێنییەکە چی بوو؟
سەبارەت بەو چەکەی کە "ترسێکی گەورەی" دروستکردووە، پاسەوانەکە دەڵێت: "لەناکاو شتێکیان هاویشت، نازانم چۆن وەسفی بکەم. وەک شەپۆلێکی دەنگیی زۆر بەهێز بوو. هەستم دەکرد سەرم لە نێوەوە دەتەقێتەوە."
کاریگەریی چەکەکە خێرا و ترسناک بووە: "هەموومان لووتمان تووشی خوێنبەربوون بوو، هەندێک رشانەوەیان بوو بە خوێن. کەوتینە سەر زەوی و نەماندەتوانی بجوڵێین. تەنانەت دوای وەستانی شەپۆلە دەنگییەکەش نەماندەتوانی هەستینەوە."
لێڤیت پۆستەکەی بە کۆمێنتی "دەست لە کارەکەت هەڵگرە و ئەمە بخوێنەرەوە" بڵاوکردووەتەوە، بەڵام کۆشکی سپی راستەوخۆ وەڵامی ئەوەی نەداوەتەوە کە ئایا ئەم چیرۆکە پشتڕاست دەکەنەوە یان نا.
بەگوێرەی وەزارەتی ناوخۆی ڤەنزوێلا، لە هێرشەکەی 3ـی کانوونی دووەمدا نزیکەی 100 ئەندامی هێزە ئەمنییەکان کوژراون، بەڵام روون نییە چەندیان بەو چەکە نهێنییە بانگەشەکراوە گیانیان لەدەستداوە.
چەکی وزەی ئاراستەکراو
سەرچاوەیەکی پێشووی هەواڵگریی ئەمریکا بە رۆژنامەی نیویۆرک پۆستی راگەیاندووە، سوپای ئەمریکا ساڵانێکە خاوەنی "چەکی وزەی ئاراستەکراو"ـە وەک مایکرۆوەیڤ یان لەیزەر بۆ لەجووڵەخستنی ئامانجەکان، بەڵام رەنگە ئەمە یەکەمجار بێت لە شەڕدا بەکاربهێنرێت.
سەرچاوەکە دەڵێت خوێنبەربوون، ئازار، سووتانەوە و لەکارکەوتنی جەستە بەشێکن لە نیشانەکانی کاریگەریی ئەو چەکانە و "دەیان ساڵە وەشانی جیاوازی ئەو چەکانەمان هەیە."
پاسەوانە ڤەنزوێلییە رزگاربووەکە هۆشداری دەدات: "ئەمە پەیامێکە بۆ هەر کەسێک کە بیەوێت شەڕی ئەمریکا بکات. ئەوان نازانن ئەمریکا توانای چی هەیە. دوای ئەوەی بینیم، قەت نامەوێت جارێکی دیکە لە بەرەی دژی ئەوان بم."
پاسەوانەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم رووداوە و هۆشدارییەکەی ئەم دواییەی دۆناڵد ترەمپ کە گوتی مەکسیکیش "لە لیستەکەدایە"، ترسێکی گەورەی لە ئەمریکای لاتین دروستکردووە و "ئەوەی لێرە روویدا زۆر شت دەگۆڕێت."