وەزیری بەرگریی ئەمریکا: هەڵوێستمان بەرامبەر رووسیا ناپاکی نییە لە ئۆکراینا

رووداو دیجیتاڵ
 
وەزیری بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند، "هیچ ناپاکییەک" لە هەڵوێستی ئەمریکادا نییە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراینا، لەکاتێکدا ئیدارەی ترەمپ گرنگی بە دانوستان لەگەڵ مۆسکۆ و کیێڤ دەدات بۆ ئەوەی بیانگەیێنێتە رێککەوتن.
 
رۆژی پێنجشەممە، لە کاتی قسەکردنیدا بۆ رۆژنامەڤانان لە بارەگای سەرەکیی ناتۆ لە برۆکسل، پیت هێگسەس، وەزیری بەرگریی ئەمریکا باسی لە لێدوانەکانی رۆژی پێشووی کرد، کە گوتبووی، هەر رێککەوتنێک لەگەڵ رووسیا بکرێت، "کردەیی نییە" ئوکراینا بگەڕێتەوە بۆ سنوورەکانی پێش 2014 یان ببێتە ئەندامی ناتۆ.
 
هێگسەس پێنجشەممە گوتی، "هیچ ناپاکییەک لەمەدا نییە. درککردنێک هەیە بەوەی کە هەموو جیهان و ئەمریکا هەوڵی ئاشتی دەدات."
 
چوارشەممە، هێگسەس گوتبووی، "ناکردەییە" هەوڵ بدرێت سنوورەکانی ئوکراینا بگەڕێندرێنەوە بۆ رەوشی پێش 2014، ئەوەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی کە ئەمریکا ئامادەیە ئۆکراینا رازیبکات دەستبەرداری ئەو خاکەی بێت کە رووسیا دەستی بەسەردا گرتووە.
 
میدیای ئەمریکی ئاماژە بەوە دەکات، قسەکانی هێگسەس وادەکەن پێگەی ئۆکراینا لە دانوستاندنەکان لاوازتربێت و هەندێ کارتی گوشار دژی رووسیا لەدەستبدات. 
 
هێگسەس ئەوەشی گوتبوو "ئێمە وەک ئێوە، ئوکراینایەکی سەروەر و گەشەسەندوومان دەوێت. بەڵام دەبێت بە دانپێدانان بەوەدا دەست پێبکەین کە گەڕانەوە بۆ سنوورەکانی ئوکراینای پێش 2014 ئامانجێکی کردەیی نییە. هەوڵدان بۆ ئەم ئامانجە خەیاڵییە و تەنیا جەنگەکە درێژ دەکاتەوە و ئازاری زیاتر دەنێتەوە".