کۆنفرانسی میونشن: جیهان لەژێر 'وێرانکاری'ـی سیاسەتەکانی ترەمپدا؛ سەردەمی ئەمریکا کۆتایی دێت؟
رووداو دیجیتاڵ
گرنگترین کۆڕبەندی ئاسایشی جیهان لە نوێترین راپۆرتی ساڵانەی خۆیدا، وێنەیەکی تاریک و پڕ مەترسی بۆ داهاتووی جیهان دەکێشێت و بە راشکاوی ئاماژە بەوە دەکات کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، خەریکی هەڵوەشاندنەوەی ئەو سیستەمە نێودەوڵەتییەیە کە ئەمریکا خۆی لە دوای جەنگی دووەمی جیهانی بونیادی نابوو.
کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لە 13ی شوبات دەستپێدەکات و تاوەکو 15ی مانگ بەردەوام دەبێت.
لە نوێترین راپۆرتیدا، کۆنفرانسەکە باس لەوە دەکات کە سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی دووەمی ترەمپ، لە چاکسازییەوە گۆڕاوە بۆ "سیاسەتی تۆپی وێرانکەر" کە تێیدا دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان، هاوپەیمانییەکان و یاسا جیهانییەکان نەک هەر پشتگوێ دەخرێن، بەڵکو بە مەبەست لاواز و وێران دەکرێن.
سەرەکیترین خاڵەکانی راپۆرتی ئاسایشی میونشن 2026:
1- کۆتاییهاتنی "ئاشتیی ئەمریکی" و گۆڕانی رۆڵی واشنتن
راپۆرتەکە بەو دەستەواژەیە دەستپێدەکات کە جیهان پێی ناوەتە قۆناخێکەوە کە تێیدا "وێرانکاری" جێگەی "چاکسازی" گرتووەتەوە. ئیدارەی ترەمپ چیدیکە خۆی بە پارێزەری سیستمی جیهانی نازانێت، بەڵکو وەک هێزێکی "بازرگان" مامەڵە دەکات کە تەنیا بەدوای بەرژەوەندیی کورتخایەن و مامەڵەی دووقۆڵیدا دەگەڕێت.
راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە دروستکردنی هۆڵێکی نوێی ئاهەنگگێڕان لە کۆشکی سپی و رووخاندنی بەشێک لە بینا کۆنەکە لەلایەن ترەمپەوە، وەک سیمبولێکە بۆ رووخاندنی نەریت و دامەزراوە کۆنەکانی سیاسەتی ئەمریکا.
2- ئەورووپا لەبەردەم مەترسیی جێهێشتندا
بەشی تایبەت بە ئەورووپا لە راپۆرتەکەدا بە ناونیشانی "کێشەکانی جیابوونەوە" نووسراوە. راپۆرتەکە هۆشداری دەدات کە چەتری ئەمنیی ئەمریکا بەسەر ئەورووپاوە نەماوە.
ئۆکراینا: پاڵپشتییەکانی ئەمریکا بۆ ئۆکراینا بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە. راپۆرتەکە ئاشکرای دەکات کە پلانێکی ئەمریکی بۆ ئاشتی هەیە کە گوشار دەخاتە سەر ئۆکراینا بۆ ئەوەی دەستبەرداری بەشێک لە خاکەکەی ببێت بۆ رووسیا، ئەمەش وەک "سەرکەوتنێک بۆ مۆسکۆ" وەسف کراوە.
ناتۆ: متمانە بە ناتۆ لاواز بووە. هەرچەندە وڵاتانی ئەورووپا بودجەی سەربازییان زیاد کردووە، بەڵام ترس لەوەی ئەمریکا لە کاتی جەنگدا پشتگیرییان نەکات، گەیشتووەتە لووتکە.
3- ئابووریی جیهان و "رۆژی رزگاری"ـی ترەمپ
لە بەشی ئابووریدا، راپۆرتەکە باس لەوە دەکات کە چۆن ترەمپ بە راگەیاندنی "رۆژی رزگارکردن" لە نیسانی 2025، بەتەواوی لە رێکخراوی بازرگانیی جیهانی (WTO) و یاساکانی بازرگانیی ئازاد پاشگەز بووەتەوە. سەپاندنی باجی گومرگیی بەڕێژەی 15% تا 50% بەسەر زۆربەی وڵاتانی جیهاندا، بووەتە هۆی پشێویی ئابووری و بەرزبوونەوەی نرخەکان لەسەر ئاستی جیهان.
4- قەیرانی مرۆیی و بڕینی هاوکارییەکان
یەکێک لە مەترسیدارترین ئەنجامەکانی سیاسەتی "ئەمریکا پێش هەمووان"، بڕینی هاوکارییە مرۆییەکان و پەکخستنی ئاژانسی گەشەپێدانی نێودەوڵەتیی ئەمریکا (USAID)ـە. ئەم بڕیارە بووەتە هۆی دروستبوونی مەترسیی مردنی ملیۆنان کەس لە وڵاتە هەژارەکان بەهۆی برسێتی و نەبوونی دەرمان.
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە سایەی سیاسەتی "وێرانکاری"دا
بەپێی راپۆرتی ئاسایشی میونشن 2026، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست راستەوخۆ کاریگەریی گۆڕانکارییە ریشەییەکانی سیاسەتی ئەمریکای لەسەر دەردەکەوێت، کە خۆی لەم خاڵانەدا دەبینێتەوە:
مامەڵەی بازرگانی لەبری چارەسەری ریشەیی: سیاسەتی ئەمریکا لە ناوچەکەدا لە "دیموکراسی و مافی مرۆڤ"ـەوە گۆڕاوە بۆ "مامەڵەی بازرگانی". ئیدارەی ترەمپ هەوڵی داوە لەڕێگەی گوشارەوە ئاگربەست لە غەززە و ناوچەکانی دیکە بەدەست بهێنێت، بەڵام وەک راپۆرتەکە دەڵێت، ئەم ئاگربەستانە "لەسەر بنەمای چارەسەری مافەکان نین، بەڵکو رێککەوتنی نێوان سەرکردە بەهێزەکانن" و رەگ و ریشەی کێشەکان چارەسەر ناکەن.
پێشبینی دەکرێت ژمارەی قوربانییان لە ساڵی 2026 بەرزبێتەوە.
بڕینی هاوکارییە مرۆییەکان: بڕیاری ئیدارەی ترەمپ بۆ بڕین و کەمکردنەوەی بودجەی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و ئاژانسەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، گورزێکی کوشندەی لە کەرتی مرۆیی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست داوە. راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە قەیرانی مرۆیی لە یەمەن، سووریا و کەرتی غەززە بەهۆی نەبوونی سەرچاوەی پارەدارکردنەوە، قووڵتر بوونەتەوە. بۆ نموونە، ئاماژە بەوە کراوە کە ترەمپ داوای لە رێکخراوەکان کردووە "خۆیان بگونجێنن، بچووک ببنەوە، یان بمرن".
نەمانی ئەمریکا وەک ناوبژیوانێکی بێلایەن: راپۆرتەکە دەڵێت متمانە بە ئەمریکا وەک ناوبژیوان لە ناوچەکەدا بەتەواوی دابەزیوە. کشانەوەی ئەمریکا لە زۆر لە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و پشتگوێخستنی یاسا نێودەوڵەتییەکان، وایکردووە وڵاتانی ناوچەکە (وەک سعودیە و وڵاتانی کەنداو) بەدوای هاوپەیمانیی نوێ و فرەچەشنکردنی پەیوەندییەکانیاندا بگەڕێن، لەوانەش نزیکبوونەوە لە چین.
ئاسایشی ناوچەکە و ئێران: هەرچەندە راپۆرتەکە بە وردی باسی ئێران ناکات، بەڵام ئاماژە بەوە دەدات کە "تێڕوانینی ئەمریکا بۆ جیهان ئێستا لەسەر بنەمای بەهێزکردنی پەیوەندییە لەگەڵ سەرکردە تاکڕەوەکان". ئەمەش ئەگەری ئەوەی لێ دەکرێت کە مامەڵەی واشنتن لەگەڵ دۆسیەی ئەتۆمی و هێزەکانی ناوچەکە، زیاتر لەسەر بنەمای رێککەوتنی ژێربەژێر بێت نەک ستراتیژییەکی درێژخایەن بۆ سەقامگیری.
راپۆرتی ئاسایشی میونشن بۆ ساڵی 2026 هۆشداری دەدات کە جیهان بەرەو "سەردەمێکی بێ یاسا" هەنگاو دەنێت، کە تێیدا بەهێزەکان بڕیار دەدەن و لاوازەکان دەبنە قوربانی.