ئەگەر بە ژیریی دەستکرد کاریکاتێری خۆتت دروست کردووە، ئاگاداری ئەم چەند خاڵانە بە

رووداو دیجیتاڵ
 
ئەندروو گریفن، نووسەری تەکنەلۆجیا دەڵێت، ئەو شەپۆلە نوێیەی دروستکردنی کاریکاتێر بە ژیریی دەستکرد کە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تەنیوە، تەنیا بۆ سەرگەرمی نییە، بەڵکو بیرخەرەوەیەکی ترسناکە لەوەی کە ژیریی دەستکرد چەند زانیاری لەسەرمان هەیە.
 
ماوەی چەند رۆژێکە ملیۆنان کەس لە کوردستان و سەرانسەری جیهان وێنەی خۆیان دەدەنە بەرنامەکانی وەک ChatGPT و داوای لێدەکەن بەپێی وێنەکە و ئەو زانیارییانەی پێشتر لەسەریان هەیبووە، وێنەیەکی کاریکاتێرییان بۆ دروست بکات. ئەنجامەکەش زۆرجار وێنەیەکە کە وردەکاریی پیشە و ئارەزووەکانی کەسەکە دەردەخات.
 
مەترسییەکان چین؟
 
جگە لەوەی پرۆسەکە وزە و ئاوی زۆر بەکار دەهێنێت بۆ سێرڤەرەکان، کێشە سەرەکییەکە لە پاراستنی نهێنیـیەکانی بەکارهێنەرەکەدایە. کاتێک وێنەیەکی نزیکی دەموچاوت و وردەکاریی ژیانت دەدەیتە بەرنامەکە، تۆ داتای هەستیار و بەنرخ دەبەخشیتە کۆمپانیاکان.
 
کۆکردنەوەی داتا: بەرنامەکانی ژیریی دەستکرد بە داتا کار دەکەن. هەر وێنە و زانیارییەک کە تۆ دەیبەخشیت، دەچێتە نێو سیستمەکەوە و رەنگە بۆ مەبەستێک بەکاربێت کە تۆ هەرگیز پێی نەزانیت. سڕینەوە یان دەرکردنی ئەو داتایانە لەنێو سیستمەکە دواتر زۆر ئەستەمە.
 
ریکلامی بازرگانی: کۆمپانیای OpenAIی خاوەنی ChatGPT رایگەیاندووە کە لەم هەفتەیەوە ریکلام بۆ چاتبۆتەکەی زیاد دەکات. تاوەکو ئامێرەکە زانیاریی وردتری لەسەر تۆ هەبێت، ریکلامەکان کاریگەرتر دەبن و داتاکانی تۆ دەبنە کاڵایەکی بەنرخ بۆیان.
 
بۆچی کاریکاتێرەکە زانیاریی کەسیت دەزانێت؟
 
زۆر کەس سەرسام دەبن بەوەی کاریکاتێرەکە پیشەکەیان یان حەزەکانیان نیشان دەدات؛ هۆکارەکە ئەوەیە چاتبۆتەکە زانیارییەکانی لە گفتوگۆکانی پێشووت لەگەڵیدا وەرگرتووە. کۆمپانیاکان دەڵێن ئەمە بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارییەکانە، بەڵام هاوکات بۆ مەبەستی دیکەش بەکاردێت.
 
لە کۆتاییدا، باشترین رێگە ئەوەیە بە وریاییەوە مامەڵە بکەیت و بزانیت چی دەدەیتە دەست ئامێرەکان. دەبێت لە خۆت بپرسیت: ئایا رازیت داتای تایبەتیت بۆ راهێنانی نەوەی داهاتووی ژیریی دەستکرد بەکاربێت؟