مەزڵووم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد لەگەڵ ماکرۆن کۆبوونەوە؛ فەرەنسا ستایشی رۆڵی هەسەدە دەکات
رووداو دیجیتاڵ
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە میونشن لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا کۆبوونەوە.
سوپاسگوزاری بۆ رۆڵی پاریس
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی هەسەدە، "لە دیدارەکەدا، شاندی هەسەدە سوپاسی سەرۆک ماکرۆنی کرد بۆ ئەو پشتگیرییە بەردەوامەی فەرەنسا پێشکەشی دەکات، بەتایبەتی هەوڵە دیپلۆماسییەکانی پاریس بۆ چەسپاندنی ئاگربەست و بەهێزکردنی سەقامگیری لە ناوچەکەدا."
جێبەجێکردنی رێککەوتنی 29ـی کانوونی دووەم
هەسەدە ئاماژە بەوەش دەکات، هەردوولا جەختیان لە گرنگیی بەردەوامیی پشتگیرییە نێودەوڵەتییەکان کردەوە بۆ دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی بڕگەکانی رێککەوتنی 29ـی کانوونی دووەمی نێوان هەسەدە و حکومەتی سووریا؛ ئاماژە بەوە کراوە، تەواوکردنی ئەم رێککەوتنە خزمەت بە پڕۆسەی تێکەڵکردنی دامەزراوەکان و سەقامگیریی تهواو لە سووریا دەکات.
هەڵوێستی ماکرۆن
هەسەدە دەڵێ، ئیمانوێل ماکرۆن دووپاتی کردەوە کە فەرەنسا بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی لەم چوارچێوەیەدا و "سەرۆکی فەرەنسا ستایشی رۆڵی کارای هێزەکانی سووریای دیموکراتی کرد لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە و جەختی کردەوە کە وڵاتەکەی وەک هاوبەشێکی سەرەکی لەگەڵیان دەمێنێتەوە."
ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە، شاندی باڵای هەسەدە و حکومەتی سووریا لە میونشن زنجیرەیەک دیداریان لەگەڵ شاندەکانی جیهان دەستپێکردووە.