پەرلەمانی پۆرتوگال بەکارهێنانی سۆشیاڵ میدیا بۆ منداڵان قەدەخە دەکات
رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانی پۆرتوگال پڕۆژەیاسایەکی نوێی بۆ سنووردارکردنی دەستگەیشتنی منداڵان و مێرمنداڵان بۆ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پەسند کرد.
پڕۆژەیاساکە لەلایەن "پارتی سۆسیال دیموکرات"ی دەسەڵاتدار بە سەرۆکایەتیی لویس مۆنتینیگرۆ، سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە پێشنیاز کرابوو. 148 پەرلەمانتار بە بەڵێ و 69 پەرلەمانتار بە نەخێر دەنگیان دا، هەروەها 13 پەرلەمانتاریش بێلایەن بوون.
بەگوێرەی ئەم پڕۆژەیاسایە، هەر جۆرە دەستگەیشتنێکی منداڵانی خوار تەمەن 13 ساڵ بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە تەواوی قەدەخە دەکرێت. هەروەها، مێرمنداڵانی خوار تەمەن 16 ساڵ و سەروو 13 ساڵ، بۆ بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پێویستیان بە رەزامەندی فەرمی دایک و باوکیان دەبێت.
پڕۆژەکە بە پشتگیری "پارتی سۆسیال دیموکرات" و "پارتی سۆسیالیست" تێپەڕێنرا، بەڵام گەورەترین پارتی ئۆپۆزیسیۆن کە پارتی "چیگا"ی راستڕەوی تووندڕەوە، دژی بڕیارەکە دەنگی دا.
بڕیارە لە قۆناخی داهاتوودا، پڕۆژەیاساکە لە لیژنەیەکی تایبەتمەنددا بە وردی تاوتوێ بکرێت و دواتر جارێکی دیکە بخرێتەوە بەردەم پەرلەمان بۆ پەسندکردنی کۆتایی، پێش ئەوەی ببێتە یاسایەکی فەرمی و بچێتە واری جێبەجێکردنەوە.