کۆریای باکوور: وەڵامێکی بەهێزی کۆریای باشوور دەدەینەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
خوشکی رێبەری کۆریای باکوور هۆشدارییەکی تووند دەداتە سیئۆل و رایدەگەیێنێت، ئەگەر جارێکی دیکە درۆنی کۆریای باشوور سنوورەکانیان ببەزێنێت، وەڵامێکی "بەهێز"ـیان دەبێت. هاوکات لە کۆریای باشوور لێکۆڵینەوە لەگەڵ ژمارەیەک سەرباز دەکرێت کە گومان دەکرێت بەبێ فەرمانی سەرۆکی ئێستا درۆنەکەیان ناردبێت.
 
رۆژی هەینی، کیم یۆ جۆنگ، خوشکی کیم جۆنگ ئون، رێبەری کۆریای باکوور لە راگەیێندراوێکدا کە میدیای فەرمیی وڵاتەکەی بڵاویکردووەتەوە، رایگەیاند: "پێشوەختە هۆشداری دەدەم کە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە دنەدانە و بەزاندنی سەروەریی کۆریای باکوور، بێگومان وەڵامێکی بەهێزی لێدەکەوێتەوە."
 
ئەم هەڕەشەیەی پیۆنگیانگ لە کاتێکدایە، لی جای میۆنگ، سەرۆککۆماری کۆریای باشوور لەوەتەی دەستبەکاربوونییەوە هەوڵی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ باکوور دەدات و رەخنەی لە یوون سووک یۆل، سەرۆککۆماری پێشوو گرتووە بەوەی "درۆنی بۆ بڵاوکردنەوەی نامەی پڕوپاگەندە ناردووەتە ناو خاکی کۆریای باکوور."
 
مانگی رابردوو کۆریای باکوور رایگەیاند، درۆنێکی سیخوڕییان خستووەتە خوارەوە. هەرچەندە سەرەتا سیئۆل رەتیکردەوە و رووداوەکەی خستە ئەستۆی چالاکڤانانی مەدەنی، بەڵام ئێستا لیژنەیەکی هاوبەشی سەربازی و پۆلیسی کۆریای باشوور لێکۆڵینەوە لە سێ سەربازی سوپا و کارمەندێکی دەزگای هەواڵگری دەکەن.
 
چونگ دۆنگ یۆنگ، وەزیری یەکگرتنەوەی کۆریای باشوور "نیگەرانی قووڵی" خۆی بۆ رووداوەکە دەربڕی و ئاماژەی بەوە کرد، رەنگە ئەو درۆنە لەلایەن چەند کارمەندێکی حکومییەوە نێردرابێت کە "هێشتا وەفادارن بۆ سەرۆککۆماری پێشوو (یوون سووک یۆل) کە هەڵوێستێکی تووندی بەرامبەر باکوور هەبوو."
 
ئەم گرژییە نوێیە هاوکاتە لەگەڵ رەزامەندیی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر ناردنی هاوکاریی دەرمان و خۆراک بۆ کۆریای باکوور. شرۆڤەکاران پێیانوایە ئەمە دەرفەتێکە بۆ راکێشانی پیۆنگیانگ بۆ سەر مێزی گفتوگۆ ئەتۆمییەکان لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا.
 
بڕیارە لە کۆتایی ئەم مانگەدا، کۆریای باکوور کۆنگرەیەکی مێژوویی پارتەکەی ساز بکات، کە تێیدا ستراتیژی پێنج ساڵی داهاتووی وڵاتەکە لەبارەی سیاسەتی دەرەوە، پلانی جەنگ و بەرنامە ئەتۆمییەکەی دیاری دەکرێت.