سیناتۆر مارک کێڵی بۆ رووداو: دەبێت کوردانی سووریا بپارێزرێن

 
رووداو دیجیتاڵ 

مارک کێڵی، سیناتۆری ئەمریکا، لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن و لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ رووداو، جەختی لەسەر پێویستیی پاراستنی کوردی رۆژاڤا کردەوە و رایگەیاند، دەبێت دۆسیەی کورد و داهاتووی سووریا لە کارە سەرەکییەکانی واشنتن بن.
 
لە وەڵامی پرسیارێکی ئاڵا شاڵی، نێردراوی رووداو بۆ رووماڵکردنی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن سەبارەت بە چۆنیەتیی پاراستنی کوردی رۆژئاوای کوردستان کە لە شەڕی دژی داعش رۆڵی سەرەکییان گێڕا، سیناتۆر کێڵی گوتی: "بێگومان کوردەکان دەبێت بپارێزرێن؛" ئاماژەی بەوەش کرد، رەنگە هەندێک لە بەرپرسان لە میونشن بە تەواوی ئاگاداری وردەکارییەکانی ئەم پرسە نەبن، بەڵام بۆ ئەو وەک بابەتێکی گرنگ و جیدی دەمێنێتەوە.
 
سیناتۆر کێڵی ئاماژەی بەوە کرد، ئەمریکا دەرفەتێکی گەورەی لە سووریا لەبەردەمە، نەوەک تەنیا بۆ باشکردنی دۆخی ئەو وڵاتە، بەڵکو بۆ گۆڕینی ئاراستەی تەواوی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و گوتی: "ئامانجمان ئەوەیە ناوچەکە بەرەو ئاراستەیەکی باشتر ببەین کە تێیدا هەژموونی ئێران کەمتر بێتەوە."
 
سەبارەت بە دەسەڵاتی ئێستا لە دیمەشق، ئەو سیناتۆرە ئەمریکییە رایگەیاند، پشتگیری لە سەرکردایەتیی سووریا دەکات تاوەکو بتوانێت مامەڵە لەگەڵ ئاڵنگارییە سەربازی و ئابوورییەکاندا بکات؛ ئاماژەی بەوەشکرد، هەوڵی داوە سەردانی سووریا، لوبنان و عێراق بکات بۆ لە نزیکەوە بینینی دۆخەکە.
 
مارک کێڵی گوتی: "دەبێت کوردەکان و سووریا ببنە خاڵی لەپێشینە و بپارێزرێن."