راپۆرتێک: ئەمریکا بە نهێنی هەزاران ئامێری ستارلینکی گەیاندووەتە ئێران
رووداو دیجیتاڵ
ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە ئۆپەراسیۆنێکی نهێنیدا نزیکەی شەش هەزار ئامێری ئینتەرنێتی مانگی دەستکردی "ستارلینک"ی بۆ نێو خاکی ئێران ناردووە. ئەم هەنگاوە وەک پشتیوانییەک بۆ ناڕازییان و خۆپێشاندەران دێت دوای ئەوەی حکومەتی ئێران لە مانگی رابردوودا هێڵەکانی ئینتەرنێتی لە وڵاتەکەدا پەکخست.
بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"، واشنتن لە مانگی کانوونی دووەمی رابردوودا، دوای سەرکوتکردنی تووندی خۆپێشاندانەکان کە تێیدا هەزاران کەس لە ئێران کوژران، 6000 ئامێری ستارلینکی بە قاچاخ بردووەتە نێو ئەو وڵاتە.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، کە رۆژی پێنجشەممە، 12ـی شوباتی 2026 بڵاویکردووەتەوە، نزیکەی 7000 ئامێری ستارلینکی کڕیوە، کە زۆربەیان لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا بووە. بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ بڕیاریان داوە بەشێک لە بودجەی پڕۆژەکانی دیکەی "ئازادیی ئینتەرنێت" ببڕن و بۆ کڕینی ئەم ئامێرانە تەرخانی بکەن.
هەرچەندە کۆشکی سپی رەتیکردووەتەوە لەسەر ئەم بابەتە لێدوان بدات، بەڵام بەرپرسان دەڵێن دۆناڵد ترەمپ لە پڕۆسەکە ئاگادار بووە.
ترەمپ پێشتر لە کاتی خۆپێشاندانەکاندا بە ئێرانییەکانی گوتبوو: "هاوکاری لە رێگەیە."
ئەم بڕیارەی واشنتن مشتومڕی لەنێو ناوەندە سیاسییەکاندا دروستکردووە. هەندێک لە بەرپرسان، وەک مۆرا نامدار لە وەزارەتی دەرەوە و کاری لەیک لە ئاژانسی میدیای جیهانیی ئەمریکا، پێیانوایە ستارلینک باشترین رێگەیە بۆ ئەوەی ئێرانییەکان پەیوەندییان بە جیهانی دەرەوە نەبڕدرێت، تەنانەت ئەگەر رژێم ئینتەرنێتیش بکوژێنێتەوە.
لە بەرامبەردا، شارەزایانی بواری تەکنەلۆژیا هۆشداری دەدەن، بەکارهێنانی ستارلینک لە ئێران مەترسیدارە، چونکە هێزە ئەمنییەکان دەتوانن لە رێگەی شەپۆلەکانەوە شوێنی بەکارهێنەران بدۆزنەوە.
بەگوێرەی ئامارەکان، تەنیا لە مانگی کانوونی دووەمدا، 18.4 ملیۆن ئێرانی ڤی پی ئێنی "سایفۆن"یان بەکارهێناوە.
بەکارهێنانی ستارلینک لە ئێران بە یاسا قەدەخەیە و هەر کەسێک ئەو ئامێرەی پێبێت، رووبەڕووی چەندین ساڵ زیندانی دەبێتەوە و هێزە ئەمنییەکانی ئێران بەردەوام پشکنین بۆ سەربانی ماڵەکان دەکەن بۆ دۆزینەوەی ئامێرەکان.
ئەم ئۆپەراسیۆنە نهێنییەی ئەمریکا لەکاتێکدایە، کە تاران واشنتن تۆمەتبار دەکات بە هاندانی ئاژاوە و تێکدانی ئاسایشی وڵات، بەڵام ئەمریکا دەڵێت تەنیا دەیەوێت مافی دەستڕاگەیشتن بە زانیاری بۆ گەنجانی ئێران دابین بکات، کە دژی خراپیی بژێوی و دەسەڵات دەنگیان هەڵبڕیوە