وەزارەتی دەرەوەی چین بۆ رووداو: بەشداریی زیاتر لە پێشخستنی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکەین
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین بە رووداوی گوت، بەیجینگ خۆی بە دۆستێکی "دڵسۆزی" وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەزانێت و هەروەها لە پلانیاندایە بەشداریی زیاتر بکەن لە بەرەوپێشبردنی کایە جیاوازەکانی ناوچەکە.
وانگ ویبین، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا و لە وەڵامی مەهدی فەرەج، پەیامنێری رووداو لەو وڵاتە، ئەم قسانەی کرد.
وانگ ویبین گوتیشی، "چین گرنگییەکی زۆر بە دۆخی ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و وڵاتەکانی دەدات و پابەندە بە کارکردن لەگەڵیان بۆ جێبەجێکردنی دەستپێشخەرییەکانی گەشەپێدانی جیهانی، دەستپێشخەرییە ئەمنییەکانی جیهانی و هەروەها بە هاوبەشی بەرەوپێشبردنی ئاشتی و سەقامگیری درێژخایەن لە ناوچەکەدا".
لەم ساڵانەی دواییدا، چین زیاتر لە جاران هاتووەتە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بە تایبەتی لە کەرتی ئابووری و بازرگانیدا، کەم وڵاتی ناوچەکە هەیە لەگەڵ چیندا ئاڵوگۆڕی بازرگانی ملیار دۆلاری نەبێت.
لەم بارەیەوە، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین دەڵێت، "چین گرنگییەکی زۆر دەدات بە هاوکاری کردەیی لەگەڵ وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە بوارە جیاوازەکانی وەکو بەدەستهێنانی ئەنجامی پراکتیکی کوالیتی بەرز، بەجۆرێک هەردوولامان براوە بین [سوودببینین]".
هەموو سەرەتای ئادارێک، دانیشتنی کۆنگرەی نیشتمانیی گەلی چین بەڕێوەدەچێت کە تێیدا پەرلەمانتاران و راوێژکارانی سیاسیی وڵاتەکە کۆدەبنەوە و پلانی ساڵی ئاییندە رادەگەیێنن.
پەیامنێری رووداو پرسیاری لە گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین کرد، ئایا لەو دانیشتنەدا چۆن باسی بەشداری بەیجینگ کراوە لە سەقامگیری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و بەتایبەتی جەنگی ئیسرائیل-غەززە؟ لە وەڵامدا وانگ ویبین دروستکردنی دەوڵەتێکی بۆ فەلەستین بە رێگەچارە زانی.
ویبین ئاماژەی بەوە کرد، ململانێی ئێستای نێو غەززە کاریگەری جیدی لەسەر رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەیە و ئەوان پێیانوایە، "بە دابینکردنی دادپەروەری بۆ گەلی فەلەستین و جێبەجێکردنی تەواوەتی پلانی دوو وڵات، دەتوانین بە تەواوی لە سووڕی خراپەی ململانێی فەلەستین و ئیسرائیل دەربچین".
لەبارەی هەنگاوەکانی داهاتووی وڵاتەکەشیەوە بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی چین باسی لەوە کرد، "لە داهاتوودا چین بەردەوام دەبێت لە بەرز راگرتنی دەستپێشخەرییە ئەمنییەکانی جیهانی، پاڵپشتی وڵاتان لە بەهێزکردنی ئۆتۆنۆمی ستراتیژی، یەکگرتن و هاوکاریکردن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ئاسایشی ناوچەکە".