کۆشکی سپی: هیچ ئاماژەیەک نابینین مۆسکۆ بۆمبی ئەتۆمی لە ئۆکراینا بەکاربهێنێت

رووداو دیجیتاڵ
 
کۆشکی سپی ئەمریکا دەڵێت، هیچ ئاماژەیەک نابینن رووسیا بە بۆمبی ئەتۆمی لە ئۆکراینا بدات. ئەمەش دوای ئەوەی سەرۆکی رووسیا گوتی، ئامادەی شەڕی ئەتۆمین ئەگەر هەڕەشە بکەوێتە سەر سەروەریی وڵاتەکەی.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، کارین ژان پیێر، سکرتێری رۆژنامەڤانیی کۆشکی سپی رایگەیاند، ئەمریکا هیچ ئاماژەیەک نابینێت کە پووتین خۆی بۆ بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی لە ئۆکراینا ئامادە بکات.
 
هەر ئەمڕۆ چوارشەممە، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای فەرمی وڵاتەکەی باسی لە چەکە ئەتۆمییەکانی وڵاتەکەی کرد و گوتی، "ئەوە شتێکی قبووڵکراوە کە چەکە ئەتۆمییەکانی ئێمە لە هەموو چەکە ئەتۆمییەکانی دیکە مۆدێرنترە، تەنیا ئێمە و ئەمریکا ئەو جۆرە چەکە ئەتۆمییەمان هەیە. هەروەها ئێمە زۆر زیاتر لەوان پێشکەوتووترین".
 
لەبارەی ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ شەڕی ئەتۆمی، پووتین گوتی، "لەڕووی تێڕوانینی تەکنیکی و سەربازییەوە ئێمە ئامادەین".
 
لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینا، پووتین ناوە ناوە بانگەشەی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی کردووە، شوباتی ئەم ساڵیش هۆشداریدایە ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا، کە لە ئەگەری ناردنی سەرباز بۆ یارمەتیدانی ئۆکراینا، ئەوا رەنگە کارەساتی ئەتۆمی رووبدات، ئەوەش وەک ئاماژەیەک بۆ بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی.
 
سکرتێری کۆشکی سپی ئەوەشی خستەڕوو، "بانگەشە بەردەوامەکانی رووسیا [بۆ بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی] بێباکانە و نابەرپرسیارانە بووە. ئەوە رووسیا بوو بەبێ رەوایی ئۆکراینای داگیرکرد. ئێمە بەردەوام دەبین لە پشتگیریکردنی ئۆکراینا لەکاتێکدا ئەوان بەرگریی لە خەڵک و خاکی خۆیان دەکەن لە دژی شەڕانگێزییەکانی رووسیا".
 
قسەکانی پووتین چەند رۆژێک پێش هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی رووسیا دێن، کە هەموو ئاماژەکان ئەوە پێشان دەدەن پووتین بۆ شەش ساڵی دیکە لە کۆشکی سەرۆکایەتی- کرێملین دەمێنێتەوە.
 
بەگوێرەی فیدراسیۆنی زانایانی ئەمریکا (FAS)، رووسیا زیاتر لە پێنج هەزار کڵاوەی ئەتۆمی هەیە و ئەوەش ئەو وڵاتە دەکات بە خاوەنی گەورەترین جبەخانەی ئەتۆمی لە جیهاندا. 
 
هەر لە هەڤپەیڤینەکەدا پووتین رایگەیاند، ناردنی سەرباز لەلایەن هاوپەیمانی ناتۆوە بۆ بەشداریکردن لە جەنگی ئۆکراینا، هیچ لە دۆخی جەنگەکە ناگۆڕیت. 
 
پووتین لەو بارەیەوە گوتی، "ئەگەر باس لە یەکە سەربازییەکانی وڵاتانی بیانی بکەین، دڵنیام لەوەی هەبوونی ئەو هێزانە هیچ شتێک لە دۆخی جەنگەکە ناگۆڕێت، هەروەک چۆن کە دابینکردنی چەک هیچی لە دۆخەکە نەگۆڕی".
 
ئەو گوتانەی پووتین دوای ئەوە دێت کە مانگی رابردوو، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا پرسی ناردنی سەربازی بۆ ئۆکراینا وروژاند.
 
دوێنێ سێشەممە، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، "پاکێجێکی فریاگوزاریی 300 ملیۆن دۆلاری بۆ ئۆکراینا دابین دەکەین"، بەڵام هێشتا کۆنگرێسی ئەمریکا بڕیاری کۆتایی نەداوە.
 
ئەمریکا و چەندین وڵاتی ئەوروپا هەر لە دەستپێکی جەنگەوە پشتگیریی خۆیان بۆ ئۆکراینا راگەیاند و بە چەک و پارە یارمەتییان داوە. لە شوباتی ئەم ساڵ، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا رایگەیاند، دەبێت وڵاتانی رۆژئاوا لەوە تێبگەن کە ناتوانن لە ئۆکراینا شکست بە رووسیا بهێنن.
 
رووسیا بەشێکی هەرێمەکانی دۆنێتسک، خێرسۆن، لوهانسک، میکۆلایڤ و زاپۆریژیای لەنێو ئۆکراینا کۆنترۆڵ کردووە؛ لە ساڵی 2014شەوە هەرێمی کریمیای لە ئۆکراینا لکاندووە بەخۆیەوە و بە بەشێک لە خاکی وڵاتەکەی ناساندوویەتی. 
 
لە 24ـی شوباتی 2022، رووسیا هێرشێکی فراوانی بۆ سەر ناوچەکانی رۆژهەڵات و باشووری ئۆکراینا دەستپێکرد. ئەمریکا و چەندین وڵاتی ئەوروپا هەر لە دەستپێکی جەنگەوە پشتگیریی خۆیان بۆ ئۆکراینا راگەیاند و بە چەک و پارە یارمەتییان داوە. لە شوباتی ئەم ساڵ، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا رایگەیاند، دەبێت وڵاتانی رۆژئاوا لەوە تێبگەن کە ناتوانن لە ئۆکراینا شکست بە رووسیا بهێنن.
 
نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، لەو جەنگەدا زیاتر لە 10 هەزار سڤیلی ئۆکراینی کوژراون.
 
بە مەزەندەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکاش، ئەو جەنگە بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 100 هەزار سەربازی ئۆکراینی و لە بەرامبەریشدا لانیکەم 120 هەزار سەربازی رووسی و چەکداری ڤاگنەری رووسی لە ئۆکراینا کوژراون.