تەنگەی هورمز؛ شادەمارە ئابوورییە پچڕاوەکەی جیهان لەنێوان هەڕەشەی تاران و گەمارۆی واشنتندا

رووداو دیجیتاڵ

تەنگەی هورمز، بە شادەماری ئابووریی جیهان و بازاڕی وزە دادەنرێت، ئێستا لە چەقی ململانێکانی ناوچەکە دایە. لەگەڵ دەستپێکردنی جەنگی ئەمدواییەی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران، هەڕەشەی داخستنی ئەم رێڕەوە دەریاییە لە دروشمێکی سیاسییەوە گۆڕاوە بۆ راستییەکی مەیدانی. 
 
شادەماری وزەی جیهان لەژێر مەترسیدا
 
تەنگەی هورمز گەورەترین خاڵی گواستنەوەی نەوتە لە جیهاندا. بەپێی ئامارەکانی دامەزراوەی زانیاریی وزەی ئەمریکا، رۆژانە نزیکەی 20 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو لەم تەنگەیەوە تێپەڕ دەبێت، کە دەکاتە 20٪ی تەواوی نەوتی بەرهەمهێنراوی جیهان.
 
جگە لە نەوت، ساڵانە زیاتر لە 80 ملیۆن تۆن گازی سروشتیی شلکراو (LNG) لەم رێڕەوەوە دەگوازرێتەوە، کە زۆربەی لە قەتەرەوە بەرەو ئاسیا و ئەورووپا دەچێت. بۆ وڵاتانی ئاسیا، ئەم تەنگەیە پرسی "ژیان و مردنە"؛ چونکە 75٪ی ئەو نەوتەی پێیدا تێپەڕ دەبێت، بەرەو بازاڕەکانی چین، هیندستان، ژاپۆن و کۆریای باشوور دەڕوات. هەر جۆرە پەککەوتنێک لەم تەنگەیەدا، بە واتای راوەستانی جوڵەی ئابووریی جیهانی دێت.
 
کێ کۆنترۆڵی هورمز دەکات؟
 
لە رووی جوگرافییەوە، ئێران باڵادەستییەکی تەواوی بەسەر تەنگەکەدا هەیە. کەناراوە درێژەکانی و بوونی دوورگە ستراتیژییەکانی وەک "ئەبو موسا" و "تومبی گەورە و بچووک"، رێگەیان بە سوپای پاسداران داوە چاودێریی وردی جوڵەی کەشتییەکان بکەن. تاران چەندین سیستەمی مووشەکیی دژەکەشتی و درۆنی لە کەناراوەکان جێگیر کردووە.
 
لە بەرامبەردا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە رێگەی فەرماندەیی ناوەندی (CENTCOM) و هێزی دەریایی پێنجەمەوە، وەک پارێزەری سەرەکیی ئازادیی دەریاوانی لە ناوچەکەدا کار دەکات. هەرچەندە لەم جەنگەدا ئەمریکا و ئیسرائیل زیانێکی زۆریان بەهێزی دەریایی ئێران گەیاندووە، بەڵام تاران پەنای بۆ "تێکدانی لۆجستی"، چاندنی مین و بەکارهێنانی درۆنی خۆکوژ بردووە بۆ سەپاندنی هەژموونی خۆی.
 
ململانێی یاسایی؛ "تێپەڕبوونی بێتاوان" یان "ترانزێت"؟
 
پێگەی یاسایی تەنگەی هورمز یەکێکە لە پرسە ئاڵۆزەکان. ئێران رێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکانی بۆ یاسای دەریا (1982) واژۆ کردووە، بەڵام پەسندی نەکردووە. تاران پێیوایە یاسای "تێپەڕبوونی بێتاوان" جێبەجێ دەبێت، کە مافی دەداتێ هاتووچۆی کەشتییەکان رابگرێت، ئەگەر هەست بکات زیان بە ئاسایشی دەگەیەنن.
 
بەڵام ئەمریکا و جیهان جەخت دەکەنەوە کە هورمز رێڕەوێکی نێودەوڵەتییە و یاسای "ترانزێت" دەیگرێتەوە، کە رێگە بە هاتووچۆی بێمەرج دەدات. لە رووی یاساییەوە، داخستنی تەنگەکە بە "کردەی جەنگ" دادەنرێت، بەڵام ئێران بە پشتبەستن بە ماددەی 51ی میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان، پەکخستنی تەنگەکە وەک "بەرگری لە خۆ" وەسف دەکات.
 
هورمز؛ کارتی گوشاری ئێران
 
هێرشە چڕەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل کە لە 28ی شوباتی 2026ـەوە دەستیپێکردووە و بووەتە هۆی کوژرانی عەلی خامنەیی و 48 سەرکردەی دیکە، ئێرانی گەیاندووەتە ئەو بڕوایەی داخستنی تەنگەکە تەنیا کارتی گوشارە بەدەستییەوە مابێت. ستراتیژی ئێستا تاران ئەوەیە: "ئەگەر ئێمە نەتوانین نەوت هەناردە بکەین، نابێت کەس بتوانێت هەناردەی بکات." ئەمەش وای کردووە تەنگەکە لە رێڕەوێکی بازرگانییەوە بگۆڕێت بۆ ناوچەیەکی جەنگی چالاک.
 
کارەساتی ئابووری و بەرزبوونەوەی تێچووەکان
 
لێکەوتە ئابوورییەکانی ئەم دۆخە خێرا دەرکەوتن؛ نرخی نەوت تەنیا لە چەند رۆژێکدا 30٪ بۆ 40٪ بەرزبووەوە. کرێی دڵنیایی (بیمە)ی کەشتییەکان گەیشتووەتە ئاستێکی پێوانەیی و کۆمپانیاکان داوای پارەی خەیاڵی دەکەن بۆ مانەوە لە ناوچەی کەنداو.
 
مانەوەی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لە دۆخی چاوەڕوانیدا، رۆژانە زیاتر لە 100 هەزار دۆلار زیان بە کۆمپانیاکان دەگەیەنێت. زۆر لە کەشتییەکان ناچار بوون رێڕەوی خۆیان بگۆڕن بۆ دەوری کیشوەری ئەفریقا، ئەمەش کاتی گەشتەکانی دوو هەفتە درێژتر کردووە و تێچووی گواستنەوەی بە ملیۆنان دۆلار زیاد کردووە، کە لە کۆتاییدا باری گرانییەکەی دەکەوێتە سەر شانی بەکاربەران لە سەرتاسەری جیهاندا.