ترەمپ: کوشتنی سەرکردەکانی ئێران شەرەفێکی گەورەیە

رووداو دیجیتاڵ

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاند، وڵاتەکەی بە تەواوی خەریکی لەناوبردنی حکومەتی ئێرانە لە رووی سەربازی و ئابوورییەوە. دەشڵێت، ئێستا هێزی ئاسمانی و دەریایی ئەو وڵاتە بوونیان نەماوە. کوشتنی سەرکردەکانی تارانیش بە "شەرەفێکی گەورە" بۆ خۆی دەزانێت.
 
رۆژی هەینی، 13-03-2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس سۆشیاڵ) بڵاویکردەوە: "ئێمە بە تەواوی رژێمی تیرۆریستی ئێران تێکدەشکێنین. ئەوانەی رۆژنامەی نیویۆرک تایمز دەخوێننەوە بە هەڵە وا تێدەگەن ئێمە سەرکەوتوو نین، بەڵام راستییەکە ئەوەیە کە هێزی دەریایی و ئاسمانی ئێران نەماون و مووشەک و درۆنەکانیشیان تێکشکێنراون".
 
سەبارەت بە ئامانجی هێرشەکان، ترەمپ ئاماژەی بەوە کردووە، سەرکردەکانی ئێران "لەسەر رووی زەوی سڕدراونەتەوە" و گوتی، "سوپای ئەمریکا خاوەنی هێزێکی ئاگرینی بێ وێنە و تەقەمەنی بێ سنوورە و کاتی پێویستیشی لەبەردەستە بۆ تەواوکردنی کارەکەی."
 
لە بەشێکی دیکەی نووسینەکەیدا، ترەمپ هێرشی تووندی کردە سەر دەسەڵاتدارانی تاران و گوتی: "ئەوان بۆ ماوەی 47 ساڵ خەڵکی بێتاوانیان لە سەرتاسەری جیهاندا کوشتووە، ئێستاش من وەک 47ـەمین سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەوان دەکوژم. ئەمە شەرەفێکی گەورەیە بۆ من".
 
ترەمپ پێشتر رایگەیاندبوو لەم جەنگەدا لانیکەم 49 سەرکردەی باڵای ئێرانیان کوشتووە، کە دیارترینیان عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە.
 
رۆژی 28ی شوباتی ئەم ساڵ ئیسرائیل و ئەمریکا هێرشێکی هاوبەشیان بۆ سەر ئێران دەستیپێکرد. تاران بە مووشەک و درۆن وەڵامی هێرشەکانی دایەوە و بەشێک لە وڵاتانی کەنداویشی کردە ئامانج.
 
میدیاکانی ئەمریکا و لە سەرووشیانەوە رۆژنامەی (نیویۆرک تایمز)، چەندین راپۆرتیان لەسەر خەرجییە زەبەلاحەکانی جەنگەکە و کەمبوونەوەی کۆگاکانی چەک و تەقەمەنی ئەمریکا بڵاوکردووەتەوە، بەڵام ترەمپ ئەو راپۆرتانە بە "نەرێنی" دەبینێت و رەتیاندەکاتەوە کاریگەرییان لەسەر رەوتی جەنگەکە هەبێت.