ئەمریکا پاداشتێکی 10 ملیۆن دۆلاری بۆ دۆزینەوەی سەرکردەکانی ئێران رادەگەیێنێت

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ هەینی، لە 14ـەمین رۆژی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، ئەمریکا پاداشتێکی دارایی راگەیاند کە دەگاتە 10 ملیۆن دۆلار، ئەوەش لە بەرامبەر پێدانی زانیاری لەبارەی سەرکردە دیارەکانی ئێران.
 
پڕۆگرامی (پاداشت لەپێناو دادپەروەری) سەر بە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا وێنەی موجتەبا خامنەیی، رێبەری نوێی باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران و ژمارەیەک لە گەورە بەرپرسانی سوپای پاسدارانی بڵاوکردەوە.
 
پرۆگرامەکە بەڵێنی پاداشتی دارایی و "هاوکاریکردن بۆ گواستنەوە و نیشتەجێبوون لە شوێنی دیکە"  بەو کەسانە دەدات کە زانیارییەکانیان پێ دەدەن.
 
ئەو سەرکردانەی کە پاداشت بۆ ئاشکراکردنی شوێنیان راگەیێندراوە پێکدێن لە موجتەبا خامنەیی، رێبەری نوێی باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران؛ عەلی ئەسغەری حیجازی، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی رێبەری باڵا؛ یەحیا رەحیم سەفەوی، راوێژکاری سەربازیی رێبەری باڵا؛ عەلی لاریجانی، راوێژکاری رێبەر و سکرتێری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی؛ ئەسکەندەر موئمینی، وەزیری ناوخۆ و ئیسماعلی خەتیب، وەزیری هەواڵگری.
 
پرۆگرامی (پاداشت لەپێناو دادپەروەری) چوار کەسی دیکەشی خستووەتە لیستەکەوە کە تەنیا ئاماژە بە پۆستەکانیان کراوە بێ ئەوەی ناو یان وێنەیان دیاریبکرێ، ئەوانیش پێکدێن لە سکرتێری ئەنجوومەنی بەرگری، راوێژکاری رێبەری باڵا، بەرپرسی نووسینگەی سەربازیی رێبەری باڵا و فەرماندەی سوپای پاسداران. 
 
ئەم راگەیێندراوەی ئەمریکا چەند کاژێرێک دوای ئەوە هات کە دەنگی تەقینەوەی بەهێز نێوەڕاستی تارانی هەژاند، لە کاتی بەڕێوەچوونی رێپێوانی ساڵانەی رۆژی قودس.
 
میدیای فەرمیی ئێران بڵاویکردەوە کە بەهۆی هێرشێکەوە بۆ سەر شوێنێکی نزیک لە شوێنی رێپێوانەکە، لانیکەم کەسێک کوژراوە. لەو رێپێوانەدا چەندین بەرپرسی باڵای ئێران بە ئاشکرا دەردەکەوتن، لەوانە مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆمار؛ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوە و لاریجانی.