دیموکراتەکان ترەمپ بە هاوکاریی رووسیا تۆمەتبار دەکەن؛ "پووتین رۆژانە 150 ملیۆن دۆلاری دەستدەکەوێت"
رووداو دیجیتاڵ
دیموکراتەکانی ناو ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکایان تۆمەتبار کرد بەوەی لە رێگەی سووککردنی سزاکانی سەر نەوتی رووسیا، خەریکە گەنجینەی جەنگی مۆسکۆ پڕ دەکات. ئەمە لە کاتێکدایە، سەربازانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست رووبەڕووی هەڕەشەی تووند دەبنەوە.
رۆژی هەینی 13-03-2026 چەک شومەر، سەرۆکی کەمینەی دیموکراتەکان لە سێنات پێکەوە لەگەڵ هەردوو سیناتۆر ئەلیزابێس وارن و جین شاهین، داوایان کرد کە سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لەبەردەم کۆنگرێس ئامادە بێت و روونکردنەوە لەسەر ئەم بڕیارە بدات. دیموکراتەکان دەڵێن، ئەم هەنگاوەی ترەمپ مەترسیی گەورەی بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا هەیە.
سیناتۆرەکان ئاماژەیان بەو راپۆرتە هەواڵگرییانە کرد کە باس لەوە دەکەن رووسیا زانیاریی وردی لەسەر شوێنی سەربازانی ئەمریکا داوەتە ئێران تاوەکو تاران بییانکاتە ئامانج. لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا گوتیان: "رووسیا هاوکاریی ئێران دەکات بۆ کوشتنی سەربازانی ئێمە، کەچی ئیدارەی ترەمپ گوشارەکان لەسەر مۆسکۆ کەمدەکاتەوە و رێگە دەدات رۆژانە 150 ملیۆن دۆلار زیاتری بۆ دەزگە جەنگییەکەی دەست بکەوێت."
دۆناڵد ترەمپ خۆی لە هەڤپەیڤینێکی رادیۆییدا کە ئەمڕۆ هەینی بڵاوکرایەوە، ئاماژەی بەوە کرد، گومانی هەیە ڤلادیمیر پووتین "کەمێک" هاوکاریی ئێران بکات لەم جەنگەدا. ترەمپ لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا رایگەیاند، بەشێک لە سزاکانی سەر نەوتی رووسیا لادەبات تاوەکو خستنەڕووی نەوت لە بازاڕەکان زیاد بکات و نرخەکان دابەزێنێت، کە بەهۆی جەنگی ئێران و داخستنی تەنگەی هورمزەوە بازدانیان بەخۆیەوە بینیبوو.
دیموکراتەکان دەڵێن، ترەمپ زیاتر خەمی گەنجینەی کرێملینیەتی وەک لە خێزانە ئەمریکییەکان. هەروەها گومانیان هەیە کە ئایا ئیدارەکە پابەندی ئەو یاسایە بووە کە دەبێت پێش سووککردنی سزاکان، کۆنگرێس ئاگادار بکرێتەوە یان نا.
لە لایەکی دیکەوە، کریس رایت، وەزیری وزەی ئەمریکا بەرگری لە بڕیارەکە کرد و گوتی، کۆشکی سپی تەنیا هەوڵدەدات لە رێگەی ئەو نەوتەی کە ئێستا لە بازاڕە جیهانییەکاندا هەیە، گوشارەکان لەسەر نرخی سووتەمەنی کەم بکاتەوە.
رایت گوتیشی، "ئەم ئیدارەیە سەرنجی لەسەر پاراستنی کڕیار و کۆمپانیا ئەمریکییەکانە، هاوکات لەگەڵ جێبەجێکردنی ئەرکی تێکشکاندنی توانای ئێران بۆ هەڕەشەکردن لە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی."