پۆڵەندا: پێش جەنگ ئێران هەڕەشەی راستەوخۆ نەبوو
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی پۆڵەندا رایگەیاند، وارشۆ هیچ نیازێکی نییە بۆ بەشداریکردن لە هێرشەکانی سەر ئێران و وڵاتەکەی ئێستا سەرقاڵی پاراستنی سنوورەکانیەتی لەگەڵ رووسیا. دەشڵێت: "بەر لە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، ئێران هەڕەشەیەکی راستەوخۆ نەبوو بۆ سەر ئەورووپا یان ئەمریکا".
رادۆسلاڤ سیکۆرسکی، وەزیری دەرەوە و جێگری سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میدیای وڵاتەکەی، تیشکی خستە سەر هەڵوێستی وڵاتەکەی لەبارەی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گوتی: "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بە سروشتی، هەڵسەنگاندنی تایبەت بە خۆیان بۆ بارودۆخەکە هەیە، بەڵام من هیچ هەڕەشەیەکی راستەوخۆم بۆ سەر ئەمریکا، ئەورووپا، یان تەنانەت ئیسرائیلیش تێبینی نەکردبوو".
سەبارەت بە ئەگەری تێوەگلانی وڵاتەکەی لەو جەنگەدا، سیکۆرسکی رایگەیاند، پۆڵەندا هیچ پلانێکی بۆ چوونە ناو جەنگی ئێران نییە و گوتی: "ئێستا جەنگ لەسەر سنوورەکانمانە؛ رووسیایەکی دەستدرێژیکارمان هەیە، کە درۆن رەوانەی ئاسمانی وڵاتەکەمان دەکات. ئێمە لێرە لە تەنیشت خۆمانەوە شتی زۆرمان هەیە کە مامەڵەی لەگەڵ بکەین".
وەزیری دەرەوەی پۆڵەندا پەیوەندیی نێوان جەنگی ئۆکرانیا و ئێرانی بە "تەوەرەی شەڕی تاران-مۆسکۆ" وەسف کرد و باسی لەوە کرد، رووسیا پشتگیری لە ئێران دەکات و لە هەردوو بەرەکەدا هەمان جۆرە چەک بۆ پێکانی ئامانجە مەدەنییەکان بەکاردەهێنرێن. داواشی کرد وڵاتانی ئەورووپا رۆڵێکی گەورەتر لە دابینکردنی ئاسایشی خۆیاندا بگێڕن.
رۆژی 28ی شوباتی 2026 ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر ئێران، تاران بە مووشەک و درۆن وەڵامی دانەوە و هێرشی کردە سەر چەند وڵاتێکی کەنداویش.
پۆڵەندا لە شوباتی 2022ـەوە و بەهۆی جەنگی رووسیا و ئۆکرانیاوە لە ئامادەباشیدایە. لەو ماوەیەدا چەندین جار درۆنەکان چوونەتە ناو خاکی پۆڵەندا، هەرچەندە مۆسکۆ رەتیدەکاتەوە، بەڵام وارشۆ و برۆکسل رووسیا بەو کارە تۆمەتبار دەکەن.