ترەمپ: هەموو ئامانجێکی سەربازیمان لەسەر دوورگەی خارک تەخت کرد
رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کەمێک پێش ئێستا لە پەیامێکی بەپەلەدا رایگەیاند، لەسەر فەرمانی ئەو، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) یەکێک لە بەهێزترین و گەورەترین هێرشە ئاسمانییەکانی لە مێژووی رۆژهەڵاتی نێوەراستدا کردووە و تێیدا دوورگەی خارکی ئێرانی کردووەتە ئامانج.
بەرەبەیانی شەممە 14-03-2026 سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، لەم هێرشەدا هەموو ئامانجە سەربازییەکانی ناو دوورگەی (خارک) کە گرنگترین ناوەندی ستراتیژیی ئێرانە، بە تەواوەتی لەناوبراون و وێران کراون. ترەمپ گوتی: "چەکەکانمان بەهێزترین و پێشکەوتووترینن کە جیهان تاوەکو ئێستا دیتبێتی."
ترەمپ رایگەیاند، سەرەڕای تێکشکاندنی هەموو بنکە سەربازییەکان، فەرمانی داوە ژێرخانی نەوتی سەر دوورگەکە وێران نەکەن. سەرۆکی ئەمریکا گوتی: "لەبەر هۆکاری ئەخلاقی و ویژدانی، بڕیارمدا کە ژێرخانی نەوتی سەر دوورگەکە لەنێو نەبەم." بەڵام هۆشدارییەکی تووندی دا و گوتی: "ئەگەر ئێران یان هەر لایەنێکی دیکە، دەستوەردان لە هاتووچۆی ئازاد و سەلامەتی کەشتییەکان لە تەنگەی هورمزدا بکات، دەستبەجێ پێداچوونەوە بەو بڕیارەدا دەکەم."
ترەمپ جەختی کردەوە، لە خولی یەکەم و ئێستای سەرۆکایەتیدا، سوپای ئەمریکای کردووەتە "کوشندەترین و بەهێزترین هێزی جیهان" و رایگەیاند، ئێران هیچ توانایەکی نییە بەرگری لە هیچ شوێنێک بکات، کە ئەمریکا بیەوێت هێرشی بکاتە سەر. ترەمپ گوتی: "هیچ شتێک نییە بتوانن بیکەن."
سەرۆکی ئەمریکا جارێکی دیکە جەختی لەوە کردەوە کە "ئێران هەرگیز نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی" و چیدی توانای ئەوەشی نابێت هەڕەشە لە ئەمریکا، رۆژهەڵاتی نێوەراست و جیهان بکات.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، دۆناڵد ترەمپ پەیامێکی ئاراستەی سوپای ئێران و هەموو ئەو کەسانە کرد کە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران کار دەکەن و داوای لێکردن: "ژیرانە رەفتار بکەن و چەکەکانتان دابنێن، تاوەکو ئەوەی لە وڵاتەکەتان ماوەتەوە رزگاری بکەن، هەرچەندە شتێکی ئەوتۆ نەماوەتەوە."
ئەم هێرشە بۆ سەر دوورگەی خارک، کە ناوەندی سەرەکیی هەناردەکردنی نەوتی ئێرانە، وەک یەکێک قورسترین گورزەکانی ئەمریکا لە دەستپێکی ئۆپەراسیۆنی (تووڕەیی داستان ئاسا) لە 28ـی شوباتەوە هەژمار دەکرێت.
دوورگەی خارک دەکەوێتە باشووری رۆژئاوای ئێران، واتا باکووری رۆژهەڵاتی تەنگەی هورمز. رووبەری دوورگەکە 20 کیلۆمەتر دووجایە و سەر بە پارێزگەی بووشەهرە. نزیکەی هەشت هەزار و 200 کەس لەسەر دوورگەکە دەژین. دوورگەکە 25 کیلۆمەتر لە خاکی ئێران دوورە و ئاوی سازگاری خۆی هەیە.
گرنگیی دوورگەکە لەوەدایە، بەندەرێکی دەریایی هەیە کە نزیکەی 90٪ـی هەناردەی نەوت و گازی شلی ئێرانی پێدا دەڕوات. نەوتی کێڵگەکانی ئەبوزار، فورۆزان، دوروود، ئەهواز، ماروون و گەچساران دەگەنە بەندەرەکە. پێچەوانەی کەناراوەکانی دیکەی ئێران، دەورووبەری خارک ئاوەکەی قووڵە و ئەمەش یارمەتیدەرێکی زۆری کەشتییەکانە. بەندەرەکە دەتوانێ لە هەمان کاتدا 10 کەشتیی نەوتهەڵگر (سووپەر تانکەر) لەخۆ بگرێ و ئەمەش گرنگیی و ستراتیژییەتی ئەم دوورگەیە زیاتر دەکات. دوورگەکە لەلایەن سوپای پاسدارانەوە دەپارێزرێت و بە "دوورگە قەدەخەکە" ناسراوە.