سەرۆککۆماری کوبا دەڵێت گفتوگۆی نهێنی لەگەڵ ئەمریکا هەبووە

 
رووداو دیجیتاڵ

میگێل دیازکانێل، سەرۆککۆماری کوبا بۆ یەکەمجار بە فەرمی رایگەیاند، وڵاتەکەی زنجیرەیەک گفتوگۆی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کردووە. ئامانجی ئەم گفتوگۆیانە دۆزینەوەی چارەسەرە بۆ ئەو ناکۆکییە قووڵانەی لە نێوان هەردوو وڵاتدا هەن، کە کوبای بەرەو کارەساتێکی ئابووری بردووە.
 
سەرۆککۆماری کوبا رایگەیاند، گفتوگۆکان "بەمەبەستی دۆزینەوەی چارەسەر بوون لە رێگەی دیالۆگەوە بۆ ئەو جیاوازییە دووقۆڵیانەی لە نێوان هەردوو نەتەوەدا هەن." 
 
دیازکانێل ئاماژەی بەوەش کرد، "هۆکارە نێودەوڵەتییەکان" ئاسانکارییان بۆ کردنی ئەم ئاڵوگۆڕانە کردووە، بەڵام وردەکاریی زیاتری لەسەر ئەو لایەنانە نەخستە روو.
 
ئەم گفتوگۆیانە لە کاتێکدا دێن، کوبا لە قەیرانێکی خنکێنەری وزەدایە. سەرۆککۆماری کوبا گوتی، لە ماوەی سێ مانگی رابردوودا، هیچ بارە نەوتێک نەگەیشتووەتە دوورگەکە، ئەمەشی بۆ "ئابڵۆقەی وزەی ئەمریکا" گەڕاندەوە. 
 
هەفتەی رابردوو، بەشەکانی رۆژئاوای کوبا و هاڤانای پایتەخت تووشی بڕانی تەواوەتیی کارەبا بوون، کە ملیۆنان کەسی بێ کارەبا کرد.
 
دیازکانێل ئاماژەی بە لێکەوتە ترسناکەکانی ئەم قەیرانە کرد و گوتی: کوبا تەنیا 40٪ـی نەوتی پێویستی خۆی بەرهەم دەهێنێت. بڕانی کارەبا کەرتی گەیاندن، پەروەردە و گواستنەوەی پەکخستووە. حکومەت ناچار بووە نەشتەرگەریی بۆ نزیكەی 10,000 کەس دوابخات. سەرۆکی کوبا گوتی: "کاریگەرییەکە یەکجار گەورەیە."
 
قەیرانی کوبا دوای ئەوە قووڵتر بووەوە کە هەناردەی نەوتی ڤەنزوێلا بۆ ئەو وڵاتە وەستا. ئەمەش دوای ئەوە هات کە ئەمریکا هێرشی کردە سەر ڤەنزوێلا و نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی پێشووی وڵاتەکەی دەستگیر کرد. لە لایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێشتر باسی لە ئەگەری "دەستبەسەرداگرتنی دۆستانەی کوبا" کردبوو، کە نیگەرانیی لای بەرپرسانی هاڤانا دروست کردبوو.
 
سەرۆککۆماری کوبا گوتی، ئەمە "پڕۆسەیەکی زۆر هەستیارە" و داوای هەوڵێکی گەورە دەکات بۆ تێپەڕاندنی قۆناخی رووبەڕووبوونەوە. دیازکانێل جەختی کردەوە، کوبا ئامادەیە بۆ رێککەوتن، بەڵام تەنیا لە سەر بنەمای "یەکسانی و رێزگرتن لە سیستمی سیاسی و سەروەریی وڵاتەکە و مافی بڕیاردانی گەلەکەی."
 
ئەمە یەکەمجارە هاڤانا بە شێوەیەکی فەرمی دان بە هەبوونی پەیوەندیی دیپلۆماسی لەگەڵ ئیدارەی ترەمپدا دەنێت لە ناو جەرگەی ئەو ئاڵۆزییە سەربازییانەی ناوچەکەدا.