ترەمپ: موجتەبا خامنەیی ماوە، بەڵام رەنگە بریندار یان بێهۆش بێت


رووداو دیجیتاڵ

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، بڕوای وایە موجتەبا خامنەیی، رێبەری نوێی ئێران هێشتا لە ژیاندا ماوە، هەرچەندە لەو کاتەوەی وەک جێگرەوەی باوکی دەستبەکاربووە، بە ئاشکرا نەبینراوە.
 
رۆژی هەینی، 13-03-2026، ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ فۆکس نیوز، کە بڕیارە ئەمڕۆ پەخش بکرێت، گوتی: "پێم وایە ئەو (موجتەبا خامنەیی) لە ژیاندا بێت. پێم وایە زیانی بەرکەوتووە، بەڵام رەنگە بە شێوەیەک لە شێوەکان مابێت."
 
ئەم لێدوانانەی ترەمپ دوای ئەوە دێن کە موجتەبا خامنەیی رۆژی پێنجشەممە راگەیێندراوێکی نووسراوی بڵاوکردەوە و تێیدا بەڵێنی تۆڵەسەندنەوەی "خوێنی شەهیدانی" دا. ئەمە لە کاتێکدایە کە دەنگۆی ئەوە هەبوو موجتەبا خامنەیی لە هێرشە ئاسمانییەکەی 28ی شوباتدا، کە بووە هۆی کوژرانی عەلی خامنەیی باوکی، بە سەختی بریندار بووبێت یان بێهۆش کەوتبێ.
 
سەرۆکی ئەمریکا پەردەی لەسەر نیازەکانی تاران لادا بەرامبەر وڵاتانی دراوسێ و گوتی: "ئێران لە ماوەی 4 مانگی رابردوودا هەزاران مووشەکی رووکردبووە وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. ئەوان دەیانویست دەست بەسەر هەموو ناوچەکەدا بگرن و کۆنتڕۆڵی ئیمارات، قەتەر، عومان و سعودیە بکەن."
 
ترەمپ رایگەیاند، "ئێران 1,200 مووشەکی بە ئاراستەی ئەم وڵاتانە جێگیر کردبوو" و گوتیشی: "هەموو ئەم وڵاتانە لە ئێران دەترسان، بەڵام ئێستا نا، چونکە ئێمە بە جۆرێک لێمان داون کە هیچ نەتەوەیەکی دیکە نەیتوانیوە وا بکات، هەرچەندە هێشتا پاشماوەیان ماوە."
 
سەبارەت بە مەترسییەکانی ناو تەنگەی هورمز، ترەمپ داوای لە کەشتییەکان کرد کە بێ ترس هاتوچۆ بکەن و گوتی: "پێویستە بە ناو تەنگەی هورمزدا بڕۆن و ئازایەتیی خۆتان نیشان بدەن. هیچ شتێک نییە لێی بترسن، چونکە ئێران چیدیکە هێزی دەریایی نەماوە و ئێمە هەموو کەشتییەکانیانمان ژێرئاو خستووە."