سریلانکا تەرمی 84 سەرباز رادەستی تاران دەکاتەوە کە بەهۆی هێرشێکی ئەمریکاوە کوژراون
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی سریلانکا رایگەیاند، ئەمڕۆ هەینی تەرمی 84 دەریاوانی ئێرانی رادەستی وڵاتەکە دەکەنەوە، کە نۆ رۆژ لەمەوبەر لە ئەنجامی نوقمکردنی کەشتییە جەنگییەکەیان لەلایەن ژێردەریاییەکی ئەمریکاوە گیانیان لەدەستدا.
رۆژی هەینی، 13ـی ئاداری 2026، توشارا رۆدریگۆ، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی سریلانکا راگەیاند: "هەموو رێکارە ناوخۆییەکان تەواو بوون و لایەنی ئێرانی فڕۆکەیەکی تایبەتی بۆ گواستنەوەی تەرمەکان تەرخان کردووە."
ئەو دەریاوانانە رۆژی 4ی ئازاری 2026، لەنێو کەشتیی جەنگیی (IRIS Dena) بوون، کاتێک لە نزیک کەناراوەکانی سریلانکا لەلایەن ژێردەریاییەکی ئەمریکاوە کرایە ئامانج و نوقم کرا.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی سریلانکا ئاماژەی بەوەش کرد، 32 دەریاوان کە لەلایەن هێزی دەریایی وڵاتەکەیەوە رزگارکراون، لە سریلانکا دەمێننەوە. لەو ژمارەیەش 22یان دوای وەرگرتنی چارەسەر لە نەخۆشخانە دەرچوون و لە بنکەیەکی هێزی ئاسمانی لە باشووری وڵاتەکە لەژێر چاودێریدان.
بەگوێرەی بەرپرسانی سریلانکا، ئێستا سریلانکا میوانداریی 251 دەریاوانی ئێرانی دەکات، کە جگە لە رزگاربووەکانی کەشتیی (دێنا)، ستافی کەشتییەکی دیکەی جەنگیی ئێران بەناوی (IRIS Bushehr) دەگرێتەوە. کەشتیی بوشەهر کە 219 ستافی لەسەرە، رۆژێک دوای رووداوەکە رێگەی پێدرا لە ئاوەکانی سریلانکا لەنگەر بگرێت.
حکومەتەکانی سریلانکا و هیندستان رایانگەیاندووە، لەبەر "هۆکاری مرۆیی" و لە ترسی ئەوەی لەلایەن ئەمریکاوە نەکرێنە ئامانج، کەشتی و دەریاوانە ئێرانییەکانیان پەنا داوە. ئەو کەشتییانە پێشتر بەشدارییان لە مانۆڕێکی دەریاییدا کردبوو کە لەلایەن هیندستانەوە رێکخرابوو، بەڵام لەگەڵ دەستپێکردنی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، رووبەڕووی مەترسی بوونەوە.
کەشتییەکی سێیەمی ئێرانیش کە 183 ستافی لەسەرە، لە بەندەری (کۆچی) لە باشووری هیندستان وەستاوە و ستافەکەی لەژێر چاودێریی هێزە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتەدان.
تەرمی دەریاوانەکان دوای پشکنینی پزیشکی و توێکاری لە نەخۆشخانەی (کاراپیتیا)، رادەستی باڵیۆزخانەی ئێران لە کۆڵۆمبۆ کراون. بڕیارە لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی (ماتالا) لە باشووری سریلانکا بگەڕێندرێنەوە تاران.