راپۆرتێک: ترەمپ بیر لە گورزێکی دیکەی سەربازی بۆ سەر ئێران دەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەپێی راپۆرتێکی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و راوێژکارەکانی خەریکی هەڵسەنگاندنی دەستپێکردنەوەی گورزی سەربازیی سنووردارن بۆ سەر ئێران، ئەمەش وەک رێگەیەک بۆ شکاندنی ئەو بنبەستەی لە گفتوگۆکانی ئاشتیدا دروست بووە.
راپۆرتەکە دەڵێت، ترەمپ جەختی کردووەتەوە کە سەرەڕای گەمارۆی دەریایی بۆ سەر تەنگەی هورمز، هەموو بژاردەکانی دیکەش لەسەر مێزن.
رۆژی دووشەممە، 13ی نیسانی 2026، ژمارەیەک بەرپرسی کۆشکی سپی بەو رۆژنامە ئەمریکییەیان راگەیاندووە، ترەمپ بیر لە چەند بژاردەیەک دەکاتەوە دوای ئەوەی دانوستاندنەکانی پاکستان بە سەرپەرشتیی جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆک، شکستیان هێنا.
لە لایەکی دیکە، ترەمپ لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی فۆکس نیووزی نزیک لە کۆمارییەکان گوتی، "حەز ناکەم ئەو کارە بکەم، بەڵام وێستگەکانی ئاو، کارەبا و شیرینکردنی ئاوی ئێران زۆر بە ئاسانی دەپێکرێن."
ئۆلیڤیا وایڵز، گوتەبێژی کۆشکی سپی دەڵێت، سەرۆکی ئەمریکا پێشتر فەرمانی گەمارۆی دەریایی بۆ سەر تەنگەی هورمز دەرکردووە تاوەکو کۆتایی بە "سەرانەسەندنی ئێرانییەکان" بهێنێت. گوتیشی، هەر کەسێک پێشبینی هەنگاوی داهاتووی ترەمپ بکات، تەنیا مەزەندە دەکات، چونکە سەرۆک هەموو بژاردەکانی بە کراوەیی هێشتووەتەوە.
بەرپرسانی ئەمریکا هێڵە سوورەکانی ترەمپیان بۆ هەر جۆرە رێککەوتنێکی داهاتوو دیاری کردووە، کە بریتین لە: کردنەوەی تەواوەتی تەنگەی هورمز بەبێ وەرگرتنی باج یان ئەو پارەیەی ئێران دیاریکردووە، کۆتاییهێنان بە پیتاندنی یۆرانیۆم و هەڵوەشاندنەوەی ناوەندە ئەتۆمییەکان، رادەستکردنی یۆرانیۆمە پیتێنراوەکە و بڕینی هاوکارییە داراییەکان بۆ گرووپە بریکارەکانی وەک حیزبوڵڵا و حوسییەکان.
لە لایەکی دیکەوە، رەزا ئەمیری موقەدەم، ئەندامی باڵای شاندی ئێران لە گفتوگۆکان، رایگەیاندووە کە گفتوگۆکانی ئیسلامئاباد بناخەیەک بوون بۆ پرۆسەیەکی دیپلۆماسی کە دەکرێت چوارچێوەیەکی بەردەوام بۆ بەرژەوەندی هەموو لایەک دروست بکات، بەو مەرجەی متمانە و ئیرادە هەبێت.
بەرپرسانی سەربازی لە ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکەن کە ترەمپ رووبەڕووی مەترسیی گەورە دەبێتەوە؛ چونکە دەستپێکردنەوەی جەنگێکی گشتگیر کۆگاکانی چەکی ئەمریکا زیاتر خاڵی دەکات و ناڕەزایەتی لایەنگرانی لێ دەکەوێتەوە. بەڵام کشانەوە لە جەنگ بەبێ پێکانی ئامانجە ئەتۆمییەکان، وەک سەرکەوتن بۆ تاران دەبینرێت.
ستیڤ مۆر، راوێژکاری ئابووری ترەمپ، هۆشداریداوە کە دەبێت تەنگەکە بە هەر نرخێک بێت بپارێزرێت تاوەکو ئابووری جیهان تووشی پاشەکشە نەبێت.
بیرکردنەوەی ترەمپ و بەرپرسانی دیکەی واشنتن بە دەستپێکردنەوەی هێرشەکان بۆ سەر ئێران لە کاتێکدایە دوێنێ سوپای ئەمریکا بڵاویکردەوە، لە کاژێر 10:00ی بەیانیی دووشەممە بە کاتی واشنتن (هەمان رۆژ و کاژێر 17:00 بە کاتی هەولێر) گەمارۆ دەخەنە سەر تەنگەی هورمز.