ترەمپ: هەر کەشتییەک لە گەمارۆکەمان نزیک ببێتەوە لەناوی دەبەین
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا هۆشدارییەکی تووند ئاراستەی تاران دەکات و رایدەگەیێنێت، هێزی دەریایی ئێران بە تەواوەتی تێکشێندراوە. دەشڵێت، هەر هەوڵێکی ئێران بۆ نزیکبوونەوە لە ناوچەی گەمارۆ دەریاییەکە، بە وەڵامێکی "خێرا و دڕندانە" رووبەڕوو دەبێتەوە.
رۆژی دووشەممە، 13ی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تروس سۆشیال بڵاویکردەوە، "هێزی دەریایی ئێران ئێستا ژێرئاو خراوە و بە تەواوەتی لەناوچووە، 158 کەشتییان تێکشێندراون."
سەبارەت بەو کەشتییە بچووکانەی کە تاران بە "کەشتیی هێرشبەری خێرا" ناویان دەبات، سەرۆکی ئەمریکا گوتی، تائێستا نەیانکردوونەتە ئامانج، چونکە وەک هەڕەشەیەکی جدی نەیانبینیون، بەڵام هۆشداری دا و گوتی، "ئەگەر هەر یەکێک لەو کەشتییانە لە گەمارۆکەمان نزیک ببێتەوە، دەستبەجێ لەناویان دەبەین."
ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، شێوازی مامەڵەکردنیان لەگەڵ هەر هەڕەشەیەکی دەریایی ئێران هاوشێوەی ئەو سیستەمە دەبێت کە دژی قاچاخچییەکانی ماددەی هۆشبەر بەکاری دەهێنن، وەک خۆی گوتی: "کردارەکەمان زۆر خێرا و دڕندانە دەبێت."