ترەمپ: ئێران پەرۆشی رێککەوتنە

رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، هەموو بژارەیەکیان بەرامبەر ئێران لەژێر دەستدایە و ژمارەیەک سەرکردەی ئێران پەیوەندییان بە ئیدارەکەیەوە کردووە و داوای رێککەوتنیان کردووە. 
 
رۆژی 13ی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی دا باسی لە ژمارەیەک پرس کرد و سەبارەت بە ئێران رایگەیاند، "هەموو بژاردەیەکمان لەبەردەستە و نابێت ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی". 
 
سەرۆکی ئەمریکا گوتی، "ژمارەیەک بەرپرسی گونجاوی ئێران پەیوەندییان بە ئێمەوە کردووە و زۆر پەرۆشی رێککەوتنن"؛ دەشڵێت، ئەگەر رێککەوتن نەکرێت ئەوان ئێران ئەو بژاردانەی بەدڵ نابن، کە لەبەردەم وڵاتەکەیدان. 
 
رۆژی شەممە، لە ئیسلامئابادی پایتەختی پاکستان دانوستاندن لە نێوان شاندی ئەمریکی و ئێرانی بەڕێوەچوو. بە گوتەی سەرۆکی ئەمریکا، لەسەر زۆر پرس رێککەوتن هەبوو، بەڵام ئێرانیەکان ئامادە نەبوون واز لە پرسی ئەتۆمی بهێنن و ئەوەش شتێکە رێگەنادەن ئێران هەیبێت. 
 
سەبارەت بە گەمارۆی وڵاتەکەی بۆ سەر تەنگەی هورمز کە ئەمڕۆ ئێوارە کاژێر 17:00 بەکاتی هەولێر دەستیپێکرد، ترەمپ گوتی، "رێگەنادەین ئێران جیهان بترسێنێت و تەنگەکە بۆ نیازەکانی بەکاربهێنێت". 
 
رۆژی 28ی شوبات، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیانکردە سەر ئێران و ئەویش بە مووشەک و درۆن وەڵامیدانەوە. وەکو بەشێک لە وەڵامەکەی، تاران لە دووەم رۆژی جەنگەوە تەنگەکەی داخست. 
 
ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد، وڵاتەکەی سوود لە تەنگەی هورمز وەرناگرێت و ئەوان نەوت و گازیان لە سعودیە و رووسیا بەیەکەوە زیاترە؛ دەشڵێت، رۆژانە ژمارەیەکی زۆر کەشتی نەوتهەڵگر دەچنە ئەمریکا و نەوتەکەیان دەگوازنەوە، بەنیازیشن بۆ ساڵی داهاتوو بەرهەمهێنانی نەوت و گازیان دوو هێندەی ئێستا زیاد بکەن.