ترەمپ: من سەرۆک نەبووبام، لیۆ پاپای ڤاتیکان نەدەبوو

رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکی ئەمریکا هێرشیکردە سەر پاپای ڤاتیکان و بە کەسێکی "لاواز" وەسفیکرد؛ گوتی، "پێویستە پاپا وەکو کەسێکی مەزن رەفتار بکات نەوەک وەکو سیاسییەک". 
 
رۆژی دووشەممە، 13ی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پۆستێکی تروس سۆشیال نووسیویەتی، "پاپا لیۆ لە بەرامبەر تاواندا لاوازە و بۆ سیاسەتی دەرەوەش زۆر خراپە"؛ دەشڵێت، "لویسی برای پاپام زۆر لە ئەو بەدڵە، چونکە ئەو لایەنگری 'ماگا'یە و لە دۆخەکە تێدەگات، بەڵام لیۆ تێناگات". 
 
سەرۆکی ئەمریکا گوتیشی، "من پاپایەکم ناوێت پێی وابێت ئاساییە ئێران چەکی ئەتۆمی هەبێت یان رەخنە لە هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ڤەنزوێلا بگرێت.. لیۆ تەنیا لەبەر ئەوە کرا بە پاپا چونکە ئەمریکییە و کەنیسە وایزانی باشترین رێگەیە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ من". 
 
رۆژی 28ی شوبات، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیانکردە سەر ئێران.
 
لە رۆژی یەکەمی جەنگەکەوە، لیۆی چواردەیەم، پاپای ڤاتیکان ناوە ناوە لە گوتار و نووسینەکانیدا قسەی دژی جەنگ و بەردەوامیدان بە تووندوتیژیەکان دەکرد. ئەو چەند جارێک داوای راگرتنی جەنگەکەی کردووە. 
 
دەقی پۆستەکەی دۆناڵد ترەمپ:
 
پاپا لیۆ لە پرسی تاواندا لاوازە و لە سیاسەتی دەرەوەشدا کارەساتە. ئەو باس لە "ترس" لە ئیدارەی ترەمپ دەکات، بەڵام باسی ئەو ترسە ناکات کە کەنیسەی کاسۆلیک و هەموو رێکخراوە کریستیانەکانی دیکە لە کاتی کۆڤیددا هەیانبوو، کاتێک قەشە و پیاوانی ئایینی و هەمووانیان دەستگیر دەکرد لەبەر ئەنجامدانی رێوڕەسمە ئایینییەکان، تەنانەت کاتێک دەچوونە دەرەوە و 10 یان 20 پێ لە یەکدییەوە دوور بوون. من لویسی برای ئەوم زۆر لە خۆی زیاتر بەدڵە، چونکە لویس بەتەواوی ماگایە (MAGA). ئەو تێدەگات، بەڵام لیۆ تێناگات! من پاپایەکم ناوێت کە پێی وابێت ئاساییە ئێران چەکی ئەتۆمی هەبێت. من پاپایەکم ناوێت کە پێی وابێت کارەساتە ئەمریکا هێرشی کردە سەر ڤەنزوێلا؛ وڵاتێک کە بڕێکی زۆر ماددەی هۆشبەری بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان دەنارد و لەوەش خراپتر، زیندانەکانی خۆی لە بکوژان و بازرگانانی ماددەی هۆشبەر خاڵی دەکردەوە بۆ ناو وڵاتەکەی ئێمە. من پاپایەکم ناوێت کە رەخنە لە سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکان بگرێت، چونکە من رێک ئەو کارە دەکەم کە بۆی هەڵبژێردراوم، لە هەڵبژاردنێکی بێ وێنەدا، ئەویش تۆمارکردنی کەمترین رێژەی تاوان و دروستکردنی گەورەترین بازاڕی ئابوورییە لە مێژوودا.
 
دەبێت لیۆ سوپاسگوزار بێت، چونکە وەک هەمووان دەزانن، ئەو بە سوپرایز بووە پاپا. ئەو لە هیچ لیستێکدا نەبوو بۆ ئەوەی ببێتە پاپا، تەنیا لەبەر ئەوە لەلایەن کەنیسەوە دانرا چونکە ئەمریکی بوو، وایان بیردەکردەوە ئەوە باشترین رێگەیە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ سەرۆک دۆناڵد ترەمپ. ئەگەر من لە کۆشکی سپی نەبوومایە، لیۆ لە ڤاتیکان نەدەبوو. بەداخەوە، لاوازیی لیۆ لە بەرامبەر تاوان و چەکی ئەتۆمی بە دڵی من نییە، هەروەها ئەوەی کە چاوی بە لایەنگرانی ئۆباما دەکەوێت وەک دەیڤد ئەکسێلرۆد، کە "دۆڕاوێکی" باڵی چەپە و یەکێک بوو لەوانەی دەیویست کەنیسە و پیاوانی ئایینی دەستگیر بکرێن. پێویستە لیۆ وەک پاپا خۆی کۆ بکاتەوە، عەقڵی سەلیم بەکاربهێنێت، دەستبەرداری رازیکردنی چەپە رادیکاڵەکان بێت و تەرکیز بخاتە سەر ئەوەی پاپایەکی گەورە بێت نەک سیاسییەک. ئەمە زۆر زیانی پێ دەگەیەنێت و لەوەش گرنگتر، زیان بە کەنیسەی کاسۆلیک دەگەیەنێت!
 
سەرۆک دۆناڵد ترەمپ.