وەزارەتی دەرەوەی چین بۆ رووداو: چارەسەری کێشەی تەنگەی هورمز ئاگربەستێکی دەستبەجێیە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی چین لە وەڵامی پرسیارێکی رووداودا رایگەیاند، پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی تەنگەی هورمز لە بەرژەوەندیی هاوبەشی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدایە و جەختی کردەوە کە تاکە چارەسەر بۆ ئاساییبوونەوەی هاتووچۆی دەریایی، راگەیاندنی ئاگربەستێکی دەستبەجێیە.
دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێشنیازی کرد کە وڵاتەکەی دەتوانێت کۆنترۆڵی تەنگەی هورمز بگرێتە دەست، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین ئاماژەی بەوە کرد کە ئاسایشی وزە بۆ ئابووریی جیهان "یەکجار گرنگە" و گوتی: "هەموو لایەنەکان بەرپرسیارێتییان لەسەرە بۆ مسۆگەرکردنی دابینکردنی زنجیرەی وزەی سەقامگیر و بێ بەربەست."
پەکین دووپاتی کردەوە کە وەک یەکێک لە گەورەترین سوودمەندەکانی ئەم رێڕەوە، رێکاری پێویست بۆ پاراستنی ئاسایشی وزەی خۆی دەگرێتە بەر.
وەزارەتی دەرەوەی چین جەختی کردەوە کە تەنگەی هورمز رێڕەوێکی نێودەوڵەتیی بازرگانیی هەستیارە بۆ کاڵا و وزە. گوتەبێژی وەزارەتەکە رایگەیاند: "ریشەی سەرەکیی دروستبوونی بەربەست لەبەردەم کەشتیوانی لە تەنگەکەدا، بۆ ململانێ لەگەڵ ئێران دەگەڕێتەوە و چارەسەرەکەشی تەنیا ئاگربەستێکی دەستبەجێیە."
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا بۆ رووداو، وەزارەتی دەرەوەی چین داوای لە هەموو لایەنەکان کرد ئارام بن و دان بە خۆیاندا بگرن، راشیگەیاند کە وڵاتەکەی ئامادەیە بەردەوام بێت لە گێڕانی رۆڵێکی ئەرێنی و بونیادنەر بۆ هێورکردنەوەی بارودۆخەکە.
دەقی پرسیاری رووداو لە وەزارەتی دەرەوەی چین
رووداو: دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێشنیازی کردووە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەتوانێت کۆنترۆڵی تەنگەی هورمز بگرێتە دەست، کە رێڕەوێکی یەکجار گرنگە بۆ دابینکردنی وزەی جیهان. لەبەر ئەوەی چین یەکێکە لە گەورەترین سوودمەندەکانی ئەم رێڕەوە بازرگانییە، حکومەتی چین چۆن دەڕوانێتە ئەم جۆرە لێدوانانە؟ چین بۆ گەرەنتیکردنی سەقامگیری و ئاسایشی هاوردەکردنی وزەکەی لە رێگەی ئەو تەنگەیەوە چ هەنگاوێک دەگرێتە بەر؟
وەزارەتی دەرەوەی چین: ئاسایشی وزە بۆ ئابووریی جیهان یەکجار گرنگە و هەموو لایەنەکان بەرپرسیارێتییان لەسەرە بۆ مسۆگەرکردنی دابینکردنی زنجیرەی وزەی سەقامگیر و بێ بەربەست. چین رێکاری پێویست دەگرێتە بەر بۆ پاراستنی ئاسایشی وزەی خۆی.
تەنگەی هورمز رێڕەوێکی نێودەوڵەتیی بازرگانیی گرنگە بۆ کاڵا و وزە. پاراستنی ئاسایش سەقامگیرییەکەی و هاتووچۆی بێ بەربەست تێیدا لە بەرژەوەندیی هاوبەشی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدایە. ریشەی سەرەکیی دروستبوونی بەربەست لەبەردەم کەشتیوانی لە تەنگەکەدا، بۆ ململانێ لەگەڵ ئێران دەگەڕێتەوە و چارەسەرەکەشی ئاگربەستێکی دەستبەجێیە. پێویستە هەموو لایەنەکان ئارام بن و دان بە خۆیاندا بگرن و چینیش ئامادەیە بەردەوام بێت لە گێڕانی رۆڵێکی ئەرێنی و بونیادنەر.