رووسیا ئامادەیی بۆ وەرگرتنی یۆرانیۆمی پیتێندراوی ئێران نیشان دەدات

 
رووداو دیجیتاڵ

مۆسکۆ ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ وەرگرتنی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران، ئەوەش وەک بەشێک لە هەر رێککەوتنێکی ئاشتی نێوان تاران و واشنتن. 
 
ئەمڕۆ دووشەممە 13ی نیسانی 2026، کرێملین رایگەیاند، رووسیا ئامادەیە یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەی ئێران بگوازێتەوە بۆ وڵاتەکەی، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگەی لە کۆتایی مانگی شوباتەوە هەزاران کوژراوی لێکەوتووەتەوە و ئابووریی جیهانیشی شڵەژاندووە.
 
شکستی گفتوگۆکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە رۆژی یەکشەممە، ئومێدەکانی بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی خێرا و هەمیشەیی کەمکردەوە.
 
رووسیا کە خاوەنی گەورەترین کۆگای چەکی ئەتۆمییە لە جیهان، چەندین جار پێشنیازی کردووە کە وەک بەشێک لە هەر رێککەوتنێکی ئاشتی، یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەی ئێران بگوازێتەوە وڵاتەکەی.
 
دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کرێملین رۆژی دووشەممە لە وەڵامی پرسیارێکی ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند، "ئەم پێشنیازە لەلایەن سەرۆک پووتینەوە لە پەیوەندییەکانیدا لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و وڵاتانی ناوچەکەش باس کراوە. پێشنیازەکە وەک خۆی ماوەتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا کاری پێنەکراوە."
 
هەر لەو چوارچێوەیەدا، کرێملین رەخنەی لە هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گرت بۆ گەمارۆدانی تەنگەی هورمز؛ ئەو رێڕەوە ئاوییەی لە دوای دەستپێکردنی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە کۆتایی مانگی شوباتەوە، جموجووڵ تێیدا کەمبووەتەوە.
 
پێسکۆڤ لەو بارەیەوە گوتی، "ئەو جۆرە هەنگاوانە بەردەوام دەبن لە دروستکردنی کاریگەریی نەرێنی لەسەر بازاڕە نێودەوڵەتییەکان."