فەرەنسا و بەریتانیا بە جیا لە ئەمریکا کار بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز "بە شێوەی ئاشتییانە" دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا دەڵێ، وڵاتەکەی و بەریتانیا پێکەوە کاردەکەن بۆ دروستکردنی "هێزێکی فرەنەتەوەیی ئاشتییانە" بەمەبەستی ئاساییکردنەوەی هاتووچۆ لە تەنگەی هورمز؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ئەم ئەرکە "بە جیا لە لایەنە شەڕکەرەکان" بەڕێوەدەچێت.
هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران کە کۆتایی مانگی شوبات دەستیان پێکرد، جەنگێکی بەرفراوانیان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لێکەوتەوە و بووەهۆی ئەوەی هاتووچۆی کەشتییەکان بە تەنگەی هورمزدا پەکیبکەوێ، کە رێڕەوێکی سەرەکییە بۆ هەناردەکردنی نەوت و گاز بۆ بازاڕەکانی جیهان.
هەفتەی رابردوو، ئێران و ئەمریکا لەسەر ئاگربەستێکی دوو هەفتەیی رێککەوتن، بەڵام گفتوگۆی ئاشتی لە پاکستان لە رۆژی یەکشەممە، بێ ئەنجام کۆتایی هات. لە وەڵامی ئەوەدا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا فەرمانی بە هێزی دەریایی وڵاتەکەی کردووە کە لە رۆژی دووشەممەوە گەمارۆ بخاتە سەر بەندەرەکانی ئێران.
ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی خۆی، ترووس سۆشیاڵ، رایگەیاند کە "وڵاتانی دیکەش بەشداری لەم گەمارۆیەدا دەکەن"، بەڵام ناوی هیچ وڵاتێکی نەهێنا.
دەستپێشخەرییەکەی فەرەنسا و بەریتانیا
ئەو دەستپێشخەرییەی کە ماکرۆن لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، پێدەچێت تەواو جیاواز بێت لەو گەمارۆیەی ترەمپ رایگەیاندووە.
ماکرۆن نووسیویەتی، "لە چەند رۆژی داهاتوودا پێکەوە لەگەڵ شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا کۆنفرانسێک رێکدەخەین لەگەڵ ئەو وڵاتانەی کە ئامادەن لەپاڵ ئێمەدا بەشداری لە ئەرکێکی فرەنەتەوەیی ئاشتییانە بکەن، بەمەبەستی گەڕاندنەوەی ئازادیی دەریاگەری لە تەنگەکەدا."
سەرۆککۆماری فەرەنسا گوتی، "ئەم ئەرکە کە تەنیا بۆ بەرگرییە و جیایە لە لایەنە شەڕکەرەکان، ئامانجیەتی هەر کە دەرفەت رێگەی دا، جێبەجێ بکرێت."
لەلایەکی دیکەوە سوپای ئەمریکا رایگەیاند، ئەو گەمارۆیەی ترەمپ فەرمانی پێکردووە لە کاژیر 10:00 بەیانی بە کاتی رۆژهەڵاتی ئەمریکا، واتە 5:00ی ئێوارەی ئەمڕۆ بە کاتی هەولێر، دەستپێدەکات و هەموو ئەو کەشتییانە دەگرێتەوە کە هاتووچۆی بەندەرەکانی ئێران دەکەن.
لە کاردانەوەی ئەمەشدا، کییەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رۆژی دووشەممە رایگەیاند، وڵاتەکەی بەشداری لەو گەمارۆ دەریاییەی تەنگەی هورمزدا ناکات کە لەلایەن ترەمپەوە راگەیێندراوە.