سووریا لەبەردەم بڕیارێکی مێژوویی دا لەبارەی خوێندن بە زمانی کوردی


رووداو دیجیتاڵ

ئێستا منداڵێکی کوردی لە رۆژئاوای کوردستان بە زمانی خۆی وەڵامی پرسیاری مامۆستاکەی دەداتەوە، بەڵام لەوانەیە ئەوە دوایین ساڵ بێت بتوانێت ئەوە بکات و ئەو بەڵێنانەی پێشتر درابوون، ئێستا لەژێر تاقیکردنەوەدان.
 
ئەو حکومەت و بەرپرسانەی بڕیار دەدەن ئایا قوتابییەکان دەتوانن بەردەوام بن لە خوێندن بە کوردی، لە نەتەوە یەکگرتووەکان خاوەنی کورسییەکن و مانگی ئەیلوولی رابردوو، سەرۆکەکەی بەڵێنی سەرەتایەکی نوێی بە جیهان دا؛ سەرەتایەک کە تێیدا مافی هەمووان پارێزراو بێت.
 
سەبارەت بەو راپۆرتانەی باس لەوە دەکەن دیمەشق هەنگاو دەنێت بۆ کۆتاییهێنان بە مەنهەجی خوێندنی کوردی کە زیاتر لە 10 ساڵە لە ناوچە زۆرینە کوردنشینەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) پەیڕەو دەکرێت، ستێفان دوژاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە وەڵامی پرسیارێکی تۆڕی میدیایی رووداو دا رایگەیاند: "پێویستە سووریا ببێتە وڵاتێک کە هەموو کەمینەکانی، چ زمانەوانی بن یان ئاینی، هەست بە ئارامی بکەن، پارێزراو بن، و بتوانن بە ئازادی زمان و ئاینەکانیان پەیڕەو بکەن."
 
ئەم هەفتەیە، کورد لە حەسەکە کە پارێزگایەکی فرەنەتەوەیە لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، ناڕەزایەتییان دەربڕی دژی لابردنی زمانی کوردی لەسەر تابلۆی دامەزراوە حکومییەکان. ئەوە بەشێکی بچووکە لە پرسیارێکی زۆر گەورەتر لەبارەی داهاتووی سووریاوە؛ پرسیارێکی دێرین کە رووبەڕووی هەر نەتەوەیەک دەبێتەوە کە زیاتر لە گەلێکی تێدایە، ئەویش ئەوەیە: چۆن وڵاتێک بە یەکگرتوویی دەهێڵیتەوە بەبێ ئەوەی هەمووان ناچار بکەیت وەکو یەک بن؟
 
هەزاران کیلۆمەتر لە دووری سووریا، وڵاتێک دەیان ساڵە وەڵامی ئەو پرسیارەی داوەتەوە کە کەنەدایە. هەرێمی کیوبێک لە شارێک ناچێت کە لە وڵاتێکی زۆرینە ئینگلیز دا بێت؛ تابلۆی شەقامەکان، دووکانەکان، مینیوی چێشتخانەکان و تابلۆکانی ریکلام، هەموو شتێک بە فەرەنسییە. لە پارێزگای کیوبێک، فەرەنسی زمانی قوتابخانەکان، بازرگانی و ژیانی گشتییە، لەگەڵ ئەوەش دا کیوبێک هێشتا بەشێکە لە کەنەدا. وڵاتەکە هەڵنەوەشایەوە، بەڵکو بە یەکگرتوویی مایەوە بەبێ ئەوەی هیچ کەسێک ناچار بکات دەستبەرداری زمانی خۆی بێت.
 
دەیڤد رۆمانۆ، مامۆستای سیاسەت لە زانکۆی میزۆری ستەیت، کە خەڵکی کیوبێکە و دەیان ساڵە توێژینەوە لەسەر پرسی کورد و کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکات، لە لێدوانێکدا بۆ رووداو ئاماژە بەوە دەکات: "کاتێک خەڵکی کوبێک هەست دەکەن ناسنامەیان پارێزراوە، و ڕێگەیان پێ دەدرێت وەکو فەڕەنسی بژین، ئیتر پێویستییەکی ئەوتۆ نابینن خۆیان بخەنە ناو هەموو ئەو ئازار و کێشەیەی جیابوونەوە لە کەنەدا. ئەمە تاقیکردنەوەیەکی سەرکەوتووی کەنەدی بووە."
 
سەبارەت بەو رێبازە پەراوێزخەرەی دیکە کە لە تورکیا، سووریا و ناوچەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دا هەیە و تێیدا زمان و کولتووری کەمینەکانی وەکو کورد سەرکوتکراوە، دەیڤید رۆمانۆ هۆکارەکەی رووندەکاتەوە و دەڵێت: "ئەستەمە مرۆڤ لە بیرکردنەوەی ئەوان تێبگات، بەڵام لەو گفتوگۆیانەی کردوومن، هەندێک جار ئەوان ڕێز لە زمان و کولتووری گروپەکانی دیکە ناگرن و دەڵێن: 'ئەوە تەنها گروپێکی کۆچەرییە و ئەو مێژوو و زمانە دەوڵەمەندەی ئێمەی نییە.' هەندێک جاری دیکەش. بە ڕاستی باوەڕیان وایە کە بۆ هێشتنەوەی وڵات بە یەکگرتوویی، دەبێت هەمووان بە یەک زمان قسە بکەن."
 
نزیکەی هەشت مانگ دوای گوتارە ئومێدبەخشەکەی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمڕۆ کورد دەپرسێت، ئایا سووریا رێگەیەکی وەکو کەنەدا دەگرێتەبەر کە تێیدا مافی زمان و کولتووریان پارێزراوە، یاخود ئەو رێگە پڕ لە کێشە و تووندوتیژییەی وڵاتانی دیکە دژی کورد تاقیانکردووەتەوە دووبارە دەکاتەوە؟