لە رووداوێکی تەقەکردندا لە ئەمریکا لانیکەم 10 کەس برینداربوون


رووداو دیجیتاڵ

لە رووداوێکی تەقەکردنی بەکۆمەڵدا لە شاری دێنڤەری ویلایەتی کۆلۆرادۆ، لانیکەم 10 کەس برینداربوون. 

رۆژی سێشەممە، 13ـی حوزەیرانی 2023، پۆلیسی شاری دێنڤەر لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، دوای ئەوەی یانەیەکی شاری دێنڤەر لە خولی باسکەی ئەمریکیدا لە یانەی مەیامی بردەوە، هەوادارانی یانەی دێنڤەر لە سەنتەری شارەکە بەمەبەستی ئاهەنگێڕان، کۆبوونەوە. 
 
بەگوێرەی پۆلیس، کەسێک کاژێر 12:30 خولەکی بەرەبەیان بەکاتی دێنڤەر [کاژێر 9:30 دوای نیوەڕۆ بەکاتی هەرێمی کوردستان] لە دووریی چەند مەترێکەوە، تەقەی لە ئامادەبووانی ئاهەنگەکە کردووە و بەو هۆیەوە 10 کەس برینداربوون. سێ لە بریندارەکان، بەگوتەی پۆلیس، باری تەندروستییان خراپە و لەژێر چاودێریی چڕی پزیشکیدان.
 
پۆلیس رایگەیاند، کەسێکیان بە برینداری بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانەکە دەستگیرکردووە و لەژێر لێکۆڵینەوەدایە، بەڵام تائێستا پۆلیس پاڵنەری پشت ئەنجامدانی تاوانەکەی ئاشکرا نەکردووە.
 
بەگوێرەی پێگەی Gun Violence، ئەم رووداوی تەقەکردنە دەبێتە 291مین رووداوی تەقەکردنی بەکۆمەڵ لە سەرەتای ئەمساڵەوە روویاندابێت. 
 
لە سێ ساڵی رابردوودا زیاتر لە 600 رووداوی تەقەکردن روویانداوە کە دەکاتە رۆژانە نزیکەی دوو رووداوی تەقەکردن. بەگوێرەی پێگەی Gun Violence، تەنیا لە چوار مانگی سەرەتای ساڵی 2023دا 11 هەزار و 523 کەس لە ئەمریکا بە چەک کوژراون.