سوپای ئیسرائیل: دەستمان بە خستنەخوارەوەی درۆنەکانی ئێران لە دەرەوەی خاکی ئیسرائیل کردووە

رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسێکی سەربازیی ئیسرائیل ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند، سوپاکەیان دەستی بە خستنەخوارەوەی ئەو درۆنانە کردووە کە لەلایەن ئێرانەوە ئاراستە کراون، ئەوەش لە دەرەوەی خاکی ئیسرائیل دەستی پێکراوە.
 
بەرپرسە سەربازییەکە لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "لە دەرەوەی خاکمان، (سوپای ئیسرائیل) دەستی بە خستنەخوارەوەی ئەو درۆنانە کردووە کە لە ئێرانەوە ئاراستە کراون."
 
سوپای ئیسرائیل پێشتر رایگەیاندبوو، ئێران نزیکەی 100 درۆنی ئاراستەی ئیسرائیل کردووە، ئەوەش دوای هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کۆماری ئیسلامی.
 
لەلایەکی دیکەوە سوپای ئوردن بڵاویکردەوە، چەند درۆنێک چوونەتە ئاسمانی و خستوونیەتییە خوارەوە. لە شاری عەممانی پایتەختی وڵاتەکەش زەنگی ئاگادارکردنەوە لێدرا و حکومەت داوای لە خەڵک کرد نەچنە دەرەوە و لە تەنی کەوتوو نزیک نەبنەوە.
 
ئیسرائیل کەوتووەتە دۆخی ئامادەباشییەوە بۆ وەڵامەکەی ئێران و رێوشوێنی تووند گیراوەتەبەر. یەکێک لە گەورەترین نەخۆشخانەکانی وڵاتەکە دەستی بە گواستنەوەی بەشەکانی بۆ ژێرزەمین کردووە و باڵیۆزخانەی ئەمریکاش فەرمانی بە کارمەندەکانی کردووە لە ماڵەکانیان نەچنە دەرەوە.
 
بەپێی راگەیێندراوی فەرمی، نەخۆشخانەی ئیچیلۆڤ لە تەلئەڤیڤ کە یەکێکە لە گەورەترین ناوەندە پزیشکییەکانی ئیسرائیل، نەخۆشخانەیەکی فریاکەوتنی ژێرزەوینی کردووەتەوە و دەستی کردووە بە گواستنەوەی بەشەکانی بۆ ئەو شوێنە پارێزراوە.
 
هاوکات، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە قودس/ئۆرشەلیم، فەرمانی بە هەموو فەرمانبەرانی حکومەت و خێزانەکانیان کرد لە سەرتاسەری ئیسرائیل لە شوێنەکانیان خۆیان حەشار بدەن.
 
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ، ئیسرائیل لە ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە"شێری بەئاگاهاتوو" بە 200 فڕۆکەی جەنگی هێرشی کردە سەر زیاتر لە 100 ئامانجی سەربازی و ئەتۆمی لە ئێران. 
 
هێرشەکە بووەتە هۆی کوژرانی فەرماندە باڵاکانی هێزی چەکداری ئێران، لەنێویاندا حوسێن سەلامی، فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران و محەممەد باقری، سوپاسالار، هەروەها شەش زانای دیاری ئەتۆمی.