باستیل؛ ئەو رۆژەی سیمای سیاسەتی ئەوروپا و جیهانی گۆڕی
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ فەرەنسییەکان یادی گەورەترین رووداوی سەدەی هەژدەیەم دەکەنەوە کە بووە هۆی گۆڕانی سیمای سیاسەتی ئەوروپا و هەموو جیهان، کە ئەویش هەڵکوتانە سەر زیندانی باستیل بوو لە 14ی تەممووزی 1789.
رووداوەکە بە سەرەتای شۆڕشی فەرەنسی دادەنرێت کە کۆتایی بە سیستمی دەسەڵاتی شاهانە هێنا و ئازادی، یەکسانی، برایەتی، مافی مرۆڤ و مافە مەدەنییەکانی هێنانە نێو سیاسەتی جیهانی سەردەم.
رووداوەکە هەروەها بووە سەرەتاییەک بۆ ناسیۆنالیزمی سەردەمیانە و دروستبوونی وڵاتی نوێ لەسەر بنەمای نەتەوەیی. لەو ساڵەدا، پاریس برسی و تووڕە بوو.
خەڵک بەدەست قاتوقڕییەوە دەیناڵاند؛ هاوکات دەبوو باجێکی زۆر بدەن تاوەکو قەرزەکانی شا لویسی شازدەیەم بدەن کە پێچەوانەی خەڵکەکەی، ژیانێکی شاهانەی لە کۆشکەکەیدا بەڕێدەکرد.
بەبنبەستگەیشتنی حکومەت لە چارەسەرکردنی دۆخی دارایی و کۆکردنەوەی هێز لە چواردەوری پاریس، تووڕەیی پاریسییەکانی تەقاندەوە.
پاریسییەکان هەڵیانکوتایە سەر باڵەخانەی دیسڤالید و دەستیان بەسەر سێ هەزار تفەنگ و پێنج تۆپدا گرت، بەڵام چەکەکان پێویستیان بە بارووت بوو، کە لە زیندانی باستیلدا هەڵگیرابوو. پاریسییەکان هەڵیانکوتایە سەر زیندانەکە، دوای کوژرانی نزیکەی 100 هاووڵاتی و هەشت پاسەوان، زیندانییانی باستیل ئازادکران.
هەروەها بەڕێوەبەری زیندانەکە و سێ کەسی دیکە بەرپرسەکانی، نەک تەنیا کوژران، بەڵکو لە لایەن خەڵکی تووڕەوە سەریان لێ کرایەوە و بەنێو شەقامەکانی پاریسدا نمایشکران.
هەموو ئەم رووداوانە لە 14ی تەممووزدا دروستبوون کە بە رۆژی باستیل دەناسرێت.
دواتر شا لویس ناچاربوو چەندین سازش بکات؛ هێزی خەڵک زیاتر بوو و پاشاکەیان نەک تەنیا لەسەر تەختی فەرمانڕەوایی هێنایە خوارەوە، بەڵکو خۆی و هاوژینەکەشی سەربڕدران؛ سیستمی پادشایەتی کۆتایی هات و کۆمارێک دروستبوو. 100 ساڵ دواتر، لە ساڵی 1880دا فەرەنسییەکان رۆژی باستیلیان بە رۆژێکی نیشتمانی دیاریکرد.
ئێستاش ساڵانە بە رێپێوانی سەربازی، نمایش و چالاکیی هونەری و یاری ئاگرین، یادی رووداوەکە دەکرێتەوە؛ رووداوێک کە بووە سرووش بۆ چەندین شۆڕشی دیکە لە سەرانسەری جیهان.